هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی تەقەیان لە ماشینی کاسبکارێکی سەقزی کرد

14:50 - 14 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە جاددەی نێوان دیواندەرە_سەقز، ماشینی کاسبکارێکی کوردیان دایە بە دەسڕێژ کە لە ئاکامدا ئەو کاسبکارە کوردە بریندار بوو.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی پووشپەڕ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە جاددە نێوان دیواندەرە_سەقز، تەقەیان لە ماشینی کاسبکارێکی کورد بە ناوی \"یووسف کیانفەڕ\" کرد کە بەو هۆیەوە ناوبراو بە سەختی بریندار بووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە کە بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان پێکراوە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومەینی شاری سەقز دەکرێت و پزیشکەکانی ئەو نەخۆشخانەیە ڕادەگەیەنن، کە ئەو هاووڵاتییە کوردە بە هۆی سەختی برینەکەیەوە دەبێ بۆ ناوەندی دەرمانی شاری سنە بگوازرێتەوە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان داوەتە بەر دەسڕێژی گوللە.

ساڵانە رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کورد لە نێوان جاددەکانی کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران لەلایەن هێزە نیزامی و ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەژێر ناوی \"هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ\" تەقەیان لێ دەکرێت و دەکوژرێن.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە کاسبکارانی کورد تەنیا بۆ دابینکردنی بژیویی ژیانی بنەماڵەکانیان روویان لەو پیشە پڕ مەترسییە کردووە.