هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سەردەشت تەقەیان لە ژمارەیەک کاسبکاری کورد کرد

11:46 - 13 جۆزەردان 2720

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی جۆزەردان، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە سنووری شاری سەردەشت تەقەیان لە ژمارەیەک کاسبکاری کورد کرد و لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکان، دوو سەر ئەسپی کاسبکارێک بە ناوی "بەختیار چوالوی" لەنێو چوو و چەند سەر ئەسپی دیکە لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ڕووداوە خەساری گیانیی نەبووە و هێزە نیزامییەکان پاش تەقەکردن لە کاسبکاران، دەستیان بەسەر شتومەکی کاسبکاراندا گرت و لەگەڵ خۆیان بردیان.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بێ لەبەرچاوگرتنی یاسای تەقەکردن، دەستیان بە تەقەکردن لە کاسبکاران کردووە.

ئیوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی جۆزەردان، سێ کاسبکاری کورد بە ناوەکانی "کامیل قادری"، "کەماڵ گوهری" تەمەن ٢٣ ساڵ و "ڕەسووڵ چەپلەک" خەڵکی پیرانشار، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە بەرزاییەکانی سنووری پیرانشار، بەسەختی بریندار بوون.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، ئەو سێ کاسبکارە کوردەیان بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ دابووە بەر دەستڕیژیی گوللـە.