هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بۆ راوەدوونانی کۆلبەران سنوورەکانیش دەبەزێنن

14:23 - 20 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران، بە راوەدوونانی کۆڵبەرانی کورد لە شاری پاوە سنووری هەرێمی کوردستانیان بەزاندووە و تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی هەینی رێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەر هێزە نیزامییەکانی جێگیر لە ناوچەی\"ئاوەزنێ\"ی سەر بە بەخشی نەوسوود\" لە شاری پاوە، بە درێژایی ٥ کیلۆمیتر سنووری هەرێمی کوردستانیان بەزاندووە لە نێوان گوندەکانی \" کۆتە و گریانە\" تەقەیان لە کۆڵبەران و کاسبکارنی ئەو ناوچەیە کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە لە ئەنجامی تەقە و راوەدوونانی کۆڵبەران لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە تێکڕای ئەسپی کۆڵبەران بە کوشت چوون و دەست بەسەر کەلوپەلەکانیاندا گیراوە.

تەنیا لە ماوەی حەفتەی رابردوودا بە هٶی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و بوردمانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیە لە سنوورەکانی کوردستان ٤ کۆڵبەری کورد کوژراون و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرتای وەرزی پاییز ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران ٢٨ كۆڵبەری كورد بوونەتە قوربانی.

لەو رێژەیە ١٩ كۆڵبەر كوژراون و ئەو ٩ كەسەكەی دیكەشیان بریندار بوون.


ئەم ئامارە بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و بێگومان ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاترە.