هێزە نیزامییەکان ژمارەیەک لە کاسبکارانی کوردیان دایە بەر دەسڕێژی گوللە

16:16 - 11 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: تەقەی هێزە نیزامییەکان لە شاری پیرانشار بووە هۆی برینداربوونی کۆڵبەرێکی کورد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی خەرمانان، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە گوندی \"ماشکان\" سەر بە شاری پیرانشار تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەری کورد کورد لەو ناوچەیە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"عەلی عەرەب\" کوڕی موراد بە سەختی بریندار بوو و هەروەها دوو کۆڵبەری دیکەش لەو ڕووداوەدا بێ‌سەروشوێن بوون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ژمارەیەک لە کۆڵبەران لە ترسی دەسبەسەر کردن خۆیان حەشار داوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٦ی گەلاوێژ، دوو کۆڵبەری دیکەی کورد بە ناوەکانی \"بەختیار مورادپوور\" خەڵکی گوندی کیسەڵە و \"ئەرکان کاکەیی\" لە سنووری شێخ سڵە سەر بە سەلاسی باوەجانی، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی بریندار کران.