هێزە نیزامییەکان پێش بە خەڵک بۆ کوژراندنەوەی ئاگر لە شاخی شاهۆ دەگرن

20:57 - 17 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران پێشیان بە خەڵک لە کوژراندنەوەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی شاخی شاهۆ گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران جیگیر لە شاخەکانی شاهۆ، پێش لە خەڵکی ئەو ناوچەیە دەگرن کە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرگرتنی لەوەڕگە و دارستانی ئەو شاخی شاهۆ دەدەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران هۆکاری بەڕیوەبردنی ئەو بڕیارە بە \"ئەمنییەتی\" وەسف دەکەن.

ڕۆژی ڕابرددوو، بە هۆی تۆپباران کردنی شاخی شاهۆ لە لایەن سپای پاسدرانەوە لەوەڕگە و هەوارەکانی شاهۆ وەک \"پەچە ڕەش\"، \"هەواری شێخ عەزیزی\" لە ئاگردا سووتان.

سپای پاسدران بەبیانووی بوونی هێزی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران شاخی شاهۆی تۆپباران کردووە.

سپای پاسدران لە گوندەکانی\"کاشتر\" و \"تەنگیوەر\" سەر بە شاری کامیاران دەستی کردووە بە تۆپباران کردن و ئاگرتێبەردانی لەوەڕگە و دارستانەکانی شاخی شاهۆ.

ئەنجومەنەکانی \"ژیوای\" پاوە و \"ژینگەدۆستان\"ـی کامیاران لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە چالاکان و ژینگەدۆستان کردووە، کە لە کۆنتڕۆڵ و کوژراندنەوەی ئەو ئاگرکەوتنەوەدا یارمەتیان بدە.

هاووڵاتییانی کورد چەندین جار ڕایانگەیاندووە: زۆربەی ئاگرگرتنی لەوەڕگە و دارستانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە لایەن کەسانێکی سەر بە ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکان ڕوو دەدات و ناوەندە پەیوەندییدارەکانی حکوومەتی لەو باریەوە بۆ کوژراندنەوەی ئەو ئاگرکەوتنەوانە هیچ هەوڵێک نادەن.