هێزە نیزامییەکان، ماشینی کاسبکارێکی کوردیان سووتاند

15:56 - 12 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکان پاش دەسبەسەرداگرتنی شتومەکی کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، ماشینی ئەو کاسبکارە کوردەیان ئاگر تێبەردا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١١ی بانەمەڕ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران پاش ڕاودوونانی ماشینی کاسبکارێکی کورد، لە جاددەی گوندی \"وێڵە\" سەر بە شاری شنۆ، پاش دەسبەسەرداگرتنی شتومەکی ئەو کاسبکارە کوردە، ئاگریان لە ماشینەکەی بەردا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کاسبکارە کوردە، لە ئەنجامی ڕاودوونان لە لایەن هێزە نیزامییەکان هەڵهاتووە و ماشینەکەی خۆی بەجێ هێشتووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە نیزامییەکان بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ دەستیان کردووە بە ڕاودوونانی ئەو کاسبکارە کوردە.
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: باری ئەو کاسبکارە کوردە پارچە بووە و هێزە نیزامییەکان دەستیان بەسەر بارە پارچەی ئەو کاسبکارەدا گرتووە.