هێزە نیزامییەکان لە ورمێ کۆڵبەرێکی کوردیان بریندار کرد

17:01 - 16 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی هەنگی مەرزیی ورمێ بە تەقەی راستەوخۆ، کۆڵبەرێکی کوردیان بە توندی بریندار کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو کۆڵبەرێکی کورد بەناوی سەهیاد میرخان‌پوور کوڕی لزگین لە ناوچەی سنووریی مەرگەوەڕ لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بریندار کرا.

ئەو هاووڵاتیە کوردە، بەهۆی تەقەی ئەو هێزانەوە پشتی پێکراوەو و لە ئەنجمدا بۆتە هۆی برینداربوونی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی برینداربوونی ئەو کۆڵبەرە کوردە، بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: هێزە ئینتزامییەکان پاش بریندارکردنی ئەو کۆڵبەرە کوردە، رێگرییان لە راگواستنی ناوبراو بۆ ناوەندە دەرمانیەیکان کرد و لە ئەنجامدا پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکەکە رەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ کرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە خەڵکی گوندی \"براسب\"ی سەربە بەخشی سیلوانای ورمێ‌یە، کە لە شوێنیک بەناوی \"دەڕە بنارە\" تەقەی لێکراوەو بە توندی بریندار بووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە دۆخی جەستەیی و تەندروستیی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.