هێزە نیزامییەکان لە ناوچەی چاڵدوران کۆلبەرێکی کوردیان کوشت

13:19 - 28 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە ئاواییەکانی ناوچەی چاڵدوران بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەلاحەدین برووکی، تەمەن ٢٨ ساڵ و کوڕی عیسا و خەڵکی ئاوایی \"ناوەر\"ی سەربە شاری چاڵدوران، کە بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانی رووی لە کۆڵبەری کردبوو، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە گیانی لێ ئەستێندرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە خێزاندار و باوکی منداڵێکی تەمەن ٣ ساڵ بووە، کە لە کاتی گەڕانەوە لە سنوور، دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلەی هێزە نیزامییەکان و لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

سەختیی باری گوزەران و کەم داهاتی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەماوەی ٢ ساڵی رابردوودا گەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی و رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان بە ناچاری و تەنانەت لە کاتی بەفر و بۆرانیشدا روو لە کۆڵبەریی سەر سنوورەکان دەکەن، کە زۆر جار بەرەوڕووی رەق هەڵاتوویی، هەرەسی بەفر و تەقەی هێزە نیزامییەکان و مینی چێندراوی سەر سنوورەکان دەبنەوە و گیان لەدەست ئەدەن.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەو ماوەیەدا لە جێگەی رەخساندنی هەلی کار و دروست کردنی پرۆژەیەک، کە ببێتە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان، تەنیا لە بیری کوشتنی کۆڵبەرانی سەرسنووردا بووە، کە بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتوون، زۆربەی ئەو کۆلبەرانەی کە بەدەستی هێزە نیزامیەیکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون، خێزاندار بوونە.