هێزە نیزامییەکان لە شارەکانی سەردەشت و مەریواندا تەقەیان لە دوو ماشینی هاووڵاتییان کرد

11:55 - 19 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: ماشینی دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی مەریوان و سەردەشت، لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە تەقەیان لێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ١٨ی خەزەڵوەر، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە جادەی گوندی "دەرەکێـ"ـی شاری مەریوان، ماشینی کاسبکارێکی کورد بە ناوی "ئەفشار" خەڵکی گوندی "دەزڵیـ"ـیان دایە بەر دەسڕێژیی گولـلە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکان بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ، ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان داوەتە بەر دەسڕێژیی گوللـە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی، لە کاتی تەقەکردنی هێزە نیزامییەکان، زیاتر لە ٢٠ گوللـە بەر ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردە کەوتووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو ڕووداوە خەساری گیانیی نەبووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی  خەزەڵوەر، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری سەردەشت، ماشینی پرایدی هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی "سادق سەعیدی"، خەڵکی گوندی "بێژوێـ"ـیان دایەبەر دەسڕێژیی گولـلە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت ڕایگەیاند: "هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بەهۆی نەبوونی پلاک، تەقەیان لە ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردە کردووە".

بە وتەی شایەتحاڵەکان، هێزە نیزامییەکان لەو دوو ڕووداوەدا کە لە شارەکانی مەریوان و سەردەشتدا ڕوویداوە، بەبێ لە بەرچاوگرتنی یاسا و ڕێسای تەقەکردن، تەقەیان لەو دوو هاووڵاتییە کوردە کردووە.