هێزە نیزامییەکان دەستیان بەسەر ١٥٠ سەر مەڕووماڵاتی هاووڵاتییەکی شنۆیی‌دا گرت

15:43 - 24 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: مەڕوماڵاتی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی شنۆ لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە بیانووی نزیک بوونەوە لە سنوور، دەستی بەسەردا گیرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ شەوی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەو، ١٥٠ سەر مەڕوماڵاتی هاووڵاتییەکی گوندی \"نەڵیوان\"ی ناوچەی لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرا و سەرجەم ئەو مەڕو ماڵاتانە بە مەبەستی سەربڕین رەوانەی کۆشتارگا کراون.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هۆکاری دەست بەسەردا گرتنی مەڕو ماڵاتی ئەو هاووڵاتییەیان نزیک بوونەوە لە سنوور و ئاودیو کردنی ئەو مەڕوماڵاتانەیان بۆ هەرێم کوردستان راگەیاندووە.

ئەوەش لە حاڵێک دا کە بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، \"ئەو هاووڵاتییە لە کوێستانەکانی کێلەشین سەرقاڵی لەوەڕاندن و بەخێو کردنی ئەو مەڕومالاتانە بووە، بەڵام هێزە نیزامییەکان بە بیانووی نزیک بوونەوە لەسنوور، دەستیان بەسەر مەڕوماڵاتی ئەو هاووڵاتییەدا گرتووە\".

ئەو کردەوەی هێزە ئینتزامییەکان لە حالێک دایە، زۆربەی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان لە ئوستانەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام بەکاری بەخێو کردنی مەڕوماڵاتەوە سەرقاڵن و لە کاتی گەرمێن و کوێستاندا سەردانی ئەو دیوی سنوورەکانیش دەکەن.