هێزە نیزامییەکان تەقەیان لە ماشینی کاسبکارانی کورد کرد

15:34 - 6 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان، لە گوندێکی شاری بۆکاندا، لە کاتی ڕاودوونانی ماشینی سێ کاسبکاری کورد، دەستیان بە تەقەکردن کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ٨ی شەوی شەممە، ٥ی گەلاوێژ، مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان، لە گوندی \"حەسار\"ی شاری بۆکان، لە کاتی ڕاودوونانی سێ کاسبکاری کورد، تەقەی لە ماشینی ئەو کاسبکارانە کرد.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە هێزە ئینتزامییەکان، بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ، دەستیان بە تەقەکردن لە ماشینی ئەو سێ کاسبکارە کوردە کردووە.

سەرچاوەی کوردپا لەو ڕاپۆرتەدا باسی لەوە کردووە کە هەر چوار لاستیکی ماشینەکانی ئەو کاسبکارانە، بە تەقەی مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان تەقێندرابوون و ئەو سێ کاسبکارە لە ترسی دەسبەسەری، خۆیان بە گوندی حەساری شاری بۆکاندا کردبوو.

هەروەها مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان، لەنێو گوندەکەدا دەستیان بە تەقەکردن کردووە و هەروەها یەکێک لە مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان بە ماشینی ئەو سێ کاسبکارە کوردە، بریندار کراوە.