هێزە نیزامییەکان بە ئاشکرا پارە لە خەڵک دەستێنن+وێنە

14:52 - 26 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری دیواندەرە، بە بیانووی جۆراوجۆر پارە لە شۆفیری ماشێنەکان وەردەگرن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٤ی جۆزەردان ژمارەیەک لە مەئموورانی ‌هێزی ئینتزامی بە هاوکاریی چەکدارانی سوپای پاسداران لە شەقامی ساحلیی شاری دیواندەرە، بە بیانووی پشکنین، ماشینی هاووڵاتییانیان راگرتووەو پارەیان لە شۆفیرەکان ئەستاندووە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: شۆفیرەکان تەنیا بە مەرجی پێدانی پارە بەو هێزانە، ئیزنی رۆیشتنیان پێ ئەدراو ئەگەریش شۆفیرێک پارەی نەدایە، بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لە سەر جادەکە رادەگیرا.

سەرچاوەکە، کە چەند وێنەیەکی لە پارە ئەستاندنی مەئموورانی هێزی ئینتزامی لە شۆفیرەکان بۆ ئاژانسی کوردپا ناردووە، دەڵێت: شۆفیرەکان بڕی ٢٥ هەتا ١٠٠ هەزار تمەنیان لێ ئەستێندراوە، کە ئەمەش ناڕەزایەتیی شۆفیرەکانی لێکەوتۆتەوە.

بە بڕوای زۆربەی خەڵک، هێزە چەکدارەکان و بەتایبەت هێزە ئینتزامییەکان، بەهۆی کەمیی مووچە و داهات بەناچاری بەرتیل لە هاووڵاتییان وەردەگرن و لە هێندێ حاڵەتیشدا بە زەبری هەڕەشە پارە لە خەڵک وەردەگرن و تەنانەت لە سنوورەکانیش کۆڵبەران بە مەرجی پێدانی پارە بە هێزە نیزامییەکان، ئیزنی ئاودیوو بوون لە سنوورەکانیان بە مەبەستی کۆڵبەری کردن پێ ئەدرێت و لە کاتی گەڕانەوەشدا بەرەوڕووی تەقەی ئەو هێزانە دەبنەوە.

پێشتر (ئەرسەلان فەتحی) نوێنەری مەجلیسی ئیسلامیی ئێران رایگەیاندبوو؛ بەبێ پێدانی بەرتیل لە ئیدارەکاندا هیچ کاریک جێبەجی نابێت و لە ئیستادا گەندەڵی داوێنی دەوڵەتی گرتووە.

هەروەها (ئەکبەر تورکان)، راوێژکاری بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتژیکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام گوتبووی؛ لە هێندێک حاڵەتدا لە ئیدارەکان کار لە بەرتیلی \"ژێر مێز\"ی تێپەڕیوە و بەپێی رێکەوتن لەسەر بەرتیلەکە، فەرمانبەر کاری هاووڵاتیان جێبەجێ دەکات.

تورکان باسی لەوەش کردبوو، گەندەڵی لە ئێراندا سەرتاسەری بۆتەوەو جگە لە سیستەمی برۆکراسی، لە بانک، شارەوانی و دەزگای قەزایی‌شدا ئەستاندانی بەرتیل بەرچاو دەکەوێت.
\"20560.jpg\"

\"20559.jpg\"

\"20558.jpg\"

\"20562.jpg\"

\"20563.jpg\"