هێزە لیباس شەخسییەکان، پێشیان بە ئازادکردنی چالاکێکی مەدەنیی کورد گرت

15:23 - 21 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: هێزە لیباس شەخسییەکان، پێشیان بە ئازادکردنی چالاکێکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری دێولان گرت.

\"فەریدە وەیسی\"، هاوژینی \"سیرووس عەباسی\"، لە لاپەڕەی ئینیستاگرامی خۆیدا ڕایگەیاند: \"پاش دانانی بارمتە، حوکمی ئازادیی کاتیی سیرووس عەباسی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی کوردستان، کە پاش ڕەخنەگرتن لە قسەکانی خامنەیی، دەسبەجێ خرابووە ژێر چاوەدێرییەوە، لە لایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری دێولان، حوکمی ئازادیی کاتیی دەرکرا، بەڵام دواتر کە سەردانی زیندانی قوروەمان کرد، فەرمانبەرانی زیندانی قوروە ڕایانگەیاند کە کەسێک بەو ناوونیشانە لێرە نییە و کەسانی لیباس شەخسی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە\".

هاوژینی ئەو چالاکە مەدەنییە دەسبەسەرکراوە هەروەها نووسیویەتی: \"سیرووس پاش بەڕێوەچوونی یەکەم دادگایی لە دادگوستەریی شاری دێولان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ڕایگەیاند، بڕیارە ڕەوانەی زیندانی قوروە بکرێم و نامەی ئازادکردنم لە لایەن دادستانی دێولانەوە بۆ بەرپرسانی زیندانی قوروە نێدراوە\".

\"فەریدە وەیسی\" لە هەمان کاتدا دووپاتی کردەوە کە سەردانی تەواوی ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی شاری دێولان و قوروەمان کردووە، بەڵام هیچ یەک لە بەرپرسان وڵامدەر نین.

ڕۆژی هەینی، ١٨ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"سیرووس عەباسی\"، خەڵکی شاری دێولان، پاش ڕەخنە لە ڕێبەری نیزام و بارودۆخی نالەباری مەوجوود، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

\"\"