هێزە لیباس شەخسییەکان بێ‌ڕێزیان بە کچانی پاسکیل سواری مەریوان کرد

15:16 - 10 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: کچانی پاسکیل لێخۆڕی شاری مەریوان لە دەورووبەری گۆلی زرێبار لەگەڵ دژکردەوەی هێزە لیباس شەخسییەکانی حکوومەتی بەرەوڕوو بوونەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان لە دەورووبەری گۆلی زرێبار بە بەردەوامی لە حاڵی گەڕان دان.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان ڕاگەیاند: هێزە لیباس شەخسیەکان ئەو هەوڵەیان لە ڕاستای پێشگرتن لە کچان و ژنانی پاسکیلسوار لە دەورووبەری گۆلی زرێبار ئەنجام داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند:\" ئەمڕۆ ١٠ی گەلاوێژ، هێزە لیباس شەخسییەکان پاسکیلەکانی چەند کچێکیان ڕاگرتووە و داوای بەڵێننامەی نووسراوەیان لەوان کردووە کە جارێکی دیکە بە پاسکیل نەیەنە دەوروبەری گۆلی زرێبار\".

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٢ی گەلاوێژ کچانی پاسکیل سوار لە دەورووبەری گۆلی \"زرێبار\"ـی شاری مەریوان لەگەڵ پێشگرتنی پۆلیسی ئەو شارە بەرەڕوو بوونەوە.

مەئموورانی ئینتزامیی بە پێشگرتنی کچانی پاسکیل سوار بەو وانیان ڕاگەیاندووە: \"پاسکیل لێخۆڕینی کچان لە شوێنە گشتییەکاندا قەدەغەیە.\"

ساڵی ڕابردوو، مەئموورانی ئینتزامیی چەند جارێک پێشیان لە لێخۆڕینی پاسکیلی ژنان و کچان لە شوێنە گشتییەکانی شاری مەریوان گرتبوو.

گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، مەئمووانی ئینتزامیی پێشیان لە کچانی پاسکیل سواری شاری مەریوان لە کەمپەینی گشتیی \"ڕۆژێک بە بێ ماشین\"گرت.

مەئموورانی ئینتزامیی وێڕای پێشگرتن لە بەشداریی ژنان و کچان، ژمارەیەک لەو کچ و ژنانە کە لە کەمپەینی ڕۆژێک بەبێ ماشین بەشداریان کردبوو، دەستبەسەر کرد.

ئەو هەوڵەی مەئموورانی ئینتزامیی لەگەڵ ناڕەزایەتی بەربڵاوی چالاکانی مەدەنی و ژنان شاری مەریوان بەرووڕوو بووە و ئەمەش بوو بە هۆی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتی ئامێز کە هەزار و ٤٠٠ کەس ئەو بەیاننامەیان واژۆ کردبوو.

پێشنوێژی مزگەوتی \"جامعەی \"شاری مەریوان\" مامۆستا مستەفا شێرزادی \"لە نوێژی هەینی ڕۆژی ٨ی گەلاوێژ ساڵی ڕابردوو، ڕاگەیاند: \"لێخۆڕینی پاسکیل لە لایەن ژنانەوە لە شوێنە گشتییەکان تاوانە و دەبێت بەرپرسان و ئیدارەی وەرزش و لاوان کەشێکی شیاو و داپۆشڕاو بۆ ئەو ژنانە کە پاسکیل لێدەخۆڕن دابین بکەن\".

پاش ئەو ڕووداوە شوێنێک بە ناوی\"پارک بانوان\" بۆ کچانی پاسکیل سوار لە شاری مەریوان تەرخان کرا و چالاکانی ژن، ئەو شوێنەیان نە تەنیا بە مافی بەرانبەری خۆیان نەزانی، بەڵکوو ئەو کارە لە درێژەی گەڵاڵەیەک دەبینن، کە ژنان دەخاتە پەراوێزەوە و ژنان لە وەرگرتنی مافی مرۆیی خۆیان دوور دەخاتەوە.