هێزە لیباس شەخسییەكان لە رێگای بەكارهێنانی گازی فرمێسك رێژ لاوێكی كوردیان دەستبەسەر كرد

13:57 - 26 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سەلاسی باوەجانی لە رێگای بەكارهێنانی گازی فرمێسك رێژەوە هاووڵاتییەكیان لەناو ماڵەكەیدا دەستبەسەر كرد.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی دووشەممە رێكەوتی 23‌ی گەلاوێژ سامان عەلی وەیسی تەمەن 22 ساڵ و كوڕی ئەمین لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە لە ماڵی باوكیدا لە \"تازئاوا\"‌ی سەلاسی باوەجانی دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار راگوێزرا.

هەواڵنێری ئاژانسی كوردپا لە \"سەلاسی باوەجانی\"یەوە رایگەیاند، هێزە ئەمنیەتییەكان بەرلە چوونە ژوورەوە گازی فرمێسك هێنەریان بەكار هێناوە و ئەو هەوڵە بۆتە هۆی درووست بوونی ترس و دڵەڕاوكێی ئەو بنەماڵەیە.

لە درێژەی راپورتەكەدا هاتووە، هێزە ئەمنیەتییەكان بەشێك لە كەلوپەلی ئەو بنەماڵەیەیان فڕی داوەتە دەرەوە و ئەندامانی ئەو بنەماڵەشیان داوەتە بەر لێدان و كوتان.

بە وتەی شایەتحاڵان سامان عەلی وەیسی لەبەرچاوی بنەماڵەكەیەوە لێدراوە و كاتێك كە دایك و باوكی ویستوویانە پێش بەو بێ‌رێزییە بگرن ئەوانیش دراونەتە بەر لێدان و كوتان.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە لە هۆكاری دەستبەسەر كردن و شوێنی راگیرانی ئەو لاوە كوردە زانیارییەك لەبەر دەست دا نیە.
بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای وەرزی هاوینی ئەمساڵەوە لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران 89 هاووڵاتیی كورد بەدەستی هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر كراون.

ئەو ئامارە بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و بێگومان ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاترە.