هێزە حکوومەتییەکان ٢ کەسیان لە پیرانشار دەستبەسەر کرد

15:49 - 24 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: بەلانی‌کەمەوە ٢ کەس لە دانیشتوانی گوندێکی سەر بە شارستانی پیرانشار لە لایەن هێزێکی تایبەتەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕ، هێزە ئینتیزامییەکان بە هێرش کردنە سەر گوندی شیناوێ، بەلانی‌کەمەوە ٢ هاووڵاتییان دەستبەسەر کردووە.

ناسنامەی ئەو دوو کەسە، ڕەسووڵ جۆڵا ٣٧ ساڵ و سەلاح سوخەنوەر ٢٥ ساڵ ڕاگەیەنراوە.

هەروەها خانووی ئەو گیراوانە لە لایەن هێزە تایبەتەکەوە پشکێندراوە و پاشان دەستبەسەرکراوەکان بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

تاکوو ئێستا پاڵنەری هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ گرتنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە و هەروەها تۆمەتی وەپاڵدراو و ڕاپۆرتێکی ورد لەو پێوەندییەدا لەبەردەستدا نیە، بەڵام سەبارەت بە ڕێژەی گیراوانی شیناوێ، ماڵپەڕی \"چالاکانی مافی مرۆڤ و دێموکراسی لە ئێراندا\" لە ڕەستەی \"لانیکەم ٢ کەس\" کەڵکی وەرگرتووە و هاوکاتیش ڕایگەیاندووە کە هەڵسوکەوت و پشکنینی ماڵەکان، نیگەرانی و ناڕەزایەتیی خەڵکی گۆندەکەی بەدواوە بووە.

ڕۆژی ڕابردووش ئاژانسی کوردپا ناسنامەی ٤ گیراوی شارەکانی کوردستانی کە لە کەمتر لە یەک مانگی ڕابردوودا دەستبەسەر کراون، بڵاوکردەوە.

هێرش کردنە سەر ئەو گوندە کە بەشێکە لە شاری پیرانشار بە چەندین کاتژمێر درێژەی کێشاوە.

بەم پێیە ڕێژەی ئەو هاووڵاتییانەی کە لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا لە شارەکانی کوردستان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە گەیشتووە بە ٣٠ کەس.

سەبارەت بە بانگهێشت و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد، هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند؛ ئیتلاعات \"بەبێ بەڵگەی یاسایی\" و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا \"هەڵسوکەوتی توندوتیژانە\" بۆ دەستبەسەر کراوەکان بەکار هێنراوە و لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بە بنەماڵەکانیان خۆیان بواردووە.

لینکی پێوەندیدار:
ناسنامەی چوارکەس لە دەستبەسەرکراوەکانی کوردستان ڕوون بووەوە
سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد دەستبەسەر کران