هێزە حکوومەتییەکان هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکانن + وێنـــە

14:39 - 13 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئاگریان لە ژینگە و سروشتی ناوچەی مەریوان بەردا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١١ی گەلاوێژ هێزەکانی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێــران لە گوندی \"جانەوەرە\"ی سەربە شاری مەریوان، ژینگە و سروشتی ئەو گوندەیان لە ئاگردا سووتاند.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، هێزە کانی سپای پاسداران بە بیانووی خاوێن کردنەوەی دەوروبەری مقەڕی خۆیان لە گوندی جانەوەرە ئاگریان لە ژینگەی گوندەکە بەرداوە، رێگرییان لە چوونی هاووڵاتییان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرکەوتنەوەکە کردووە.

هاووڵاتییان بەردەوام رایانگەیاندووە، هێزە حکوومەتییەکان بەمەبەستی سیاسی، ئەمنیەتی و ئابووری ئاگر لە ژینگەی کوردستان بەر ئەدەن و بەم هۆیەوە زیانێکی قەرەبوو نەکراوە بەرەوڕووی ژینگە و سروشتی کوردستان دەبێتەوە.

دانیشتونای ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەسەر ئەو باوەڕەن، ئاگر تێبەردانی دارستانەکان لەلایەن کەسانی سەربە حکوومەت و ئەندامانی سپای پاسدارانەوە بەمەبەستی تێکدانی ژینگەو سروشتی کوردستان، ئەنجام ئەدرێت.

لەماوەی ٢ رۆژی رابردوودا زیاتر لە ٥٠٠ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەی گوندەکانی \"چنارە و فەقی سێ\"ی شاری مەریوان لە ئەنجامی تەقەی هێــزەکانی جێگیر لە پاسگای گوندی \"چنارە\" لە ئاگردا سووتا.

هەر لەو پەیوەندییەداو چەند رۆژ پێش ئێستا هاووڵاتییانی گوندی \"دارسێران\"ی سەربە شاری مەریوان کەسێکی سەر بە حکوومەتیان لەکاتی ئاگر تێبەردانی دارستانی گوندەکەیاندا دەستبەسەر و رادەستی ناوەندە حکوومەتییەکانیان کردبوو، بەڵام ناوبراو بەبێ لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.
\"14353.jpg\"

\"14351.jpg\"