‌هێزە حکوومەتییەکان لە پاوە دەستیان بە سەر ٣٢٠ مەڕوماڵاتی خەڵکدا گرت

15:14 - 29 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە شاری پاوە دەستیان بە سەر ٣٢٠ سەر مەڕوماڵاتی هاووڵاتییانی کورددا گرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەرمانان، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، دەستیان بە سەر ٣٢٠ سەر مەڕوماڵاتی هاووڵاتییانی کورد لە گوندی سنووریی \"بیرواس\"سەر بە بەشی نەوسووددا گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە بیانووی ئەگەری قاچاخ بۆ هەرێمی کوردستان، دەستیان بە سەر ئەو مەڕوماڵاتەدا گرتووە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: سەرەڕای ناڕەزایەتیی ئاژەڵدارەکان، هێزە نیزامییەکان وڵامێکی ڕوونیان بە هاووڵاتییان نەداوەتەوە.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٢ی گەلاوێژ، هێزەکانی سپای پاسداران، جێگر لە پاسگای \"ساروڵڵا\" لە گوندی \"هەقێ\"، دەستیان بە سەر ٩٠٠ سەر مەڕوماڵاتی خەڵکدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانن.