هێزە حکوومەتییەکان لە سەردەشت کاسبکاران دەدەنە بەر دەسڕێژی گوللە

20:42 - 13 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکان لە ناوچەی سەردەشت هەژمارێک لە کاسبکارانی کورد،دەدەنە بەردەسڕێژ.

بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، ئێوارەی رۆژی هەینی ١٢ی ڕێبەندان، ژمارەیەک لە کاسبکارانی کورد، لە دەوروبەری گوندی \"بێتووش\" سەر بە شاری سەردەشت، دەکەونە بۆسەی ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەتیی و هێزە حکوومەتییەکان، بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو، تەقە لە کاسبکاران دەکەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری ڕووداوەکە، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی،٥ سەر ئەسپی کاسبکاران لە ناوچوون و هەروەها هێزە نیزامییەکان، دەستیان بە سەر ١٥ سەر ئەسبی کاسبکاراندا، گرت.

ئەم سەرچاوە دەڵێت: بە خۆشحاڵییەوە لەم ڕووداوەدا، خەساری گیانی لێ‌نەکەوتەوە و هێزە نیزامییەکان تەنیا دەستیان بە سەر شتومەکی کاسبکاراندا گرتووە.

بەپێی بەندی ئەلف لە ماددەی ٢ی یاسای قاچاخ، ئەگەر کەلوپەلی قاچاخ کە نرخەکەی لە ١ میلیۆن تمەن کەمتر بێت هیچ سزایەکی نییە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەلوپەلانەی کە کۆڵبەران هەڵی دەگرن لەو ڕێژەیە کەمترە کە ئەو سزایە بیانگرێتەوە، بۆیە دەبێ تەنیا کەلوپەلەکانیان زەوت بکرێت.