هێزی ئەمنیی مەریوان چالاکێکی مەدەنییان دەستبەسەر کرد

14:17 - 17 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی مەریوان پاش گەڕانەوەی لە دەرەوەی وڵات، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەنێوەڕاستی ئەم حەوتوویەدا، ئارام فەتحی چالاکی مەدەنیی کورد لەلایەن هێزی سەربە ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی شاری مەریوانەوە دەستبەسەر کراوە.

ناوبراو لە چالاکە ناسراوەکانی بژاڤی خوێندکاری و ژینگەیی لە مەریوان دێتە هەژمار.

\"آرام
ئارام فەتحی چالاکی مەدەنیی
لەهۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانی ئارام فەتحی هەواڵێکی ورد لەبەردەستدا نییە.
ساڵی ڕابردوو کوردپا هەواڵی چوونە دەروەی ناوبراوی بڵاو کردەوە.

ئەو لاوە کوردە بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ئەنجومەنی ئەدەبی ـ فەرهەنگی \" ڤە‌ژین\" و زانستگەی پەیام نووری مەریوان سەرقاڵی وانە وتنەوەی زمانی کوردی بووە، بۆیە لەژێر چاودێریی ناوەندە ئەمنییەکاندا بووە.

دۆخی پێکهێنراو بۆ ئەو چالاکە مەدەنییە هاوکاتە لەگەڵ بانگهێشت کردن و دەستبەسەر کردنی چەندین هاووڵاتی دیکەی کورد لە شارەکانی کرماشان، قوروە، سەقز و دیواندەرە.