‌هێزی ئینتزامیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لاوێکی کرماشانی کوشت

14:55 - 18 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ئوستانی کرماشان، لاوێکی کوردی خەڵکی شارەدێی (دەوڵەت ئاباد)ی سەربە شارستانی روانسەریان کوشت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی دووشەممە رێکەوتی ١٧ی خەرمانان لاوێکی کوردی خەڵکی گوندی دەوڵەت ئابادی سەربە شارستانی روانسەر لە ئوستانی کرماشان، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانی لێ ئەستێندرا.

ئەو لاوە کوردە ناوی (ئارەش خودا مواردی) بووە، کە لە ماشێنەکەی خۆیدا و لە نزیک گوندی (زالواو)ی سەربە شارستانی روانسەر بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزی ئینتزامی ئەو لاوە کوردەی بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ داوەتە بەر دەستڕیژ و لە ئەنجامدا گوللـەیەک بەر سەری کەوتووە و گیانی لەدەست داوە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٥ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئوستانی کرماشان لە رێگەو بانەکانی ئەو ئوستانەدا، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون و ٤ کەسی دیکەش لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا بریندار بوون و هاووڵاتییەکی دیکەش بەهۆی راوەدوونانی، لەلایەن ئەو هێزانەوە، ماشێنەکەی وەرگەڕاوەو گیانی لەدەست داوە.

کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەلایەن هیزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە شێوەی بەربڵاو لە ئارادابووەو ئاستی کوشتاری هاووڵاتیانی مەدەنی گەیشتووەتە ئاستێک، کە تەنانەت ناڕەزایەتیی بەشێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامی لە پاوە و هەورامانات و شارەکانی سەقز و بانە و مەریوانی لێکەوتبوویەوە.

پێشتر محەمەد ساڵح نیکبەخت، پارێزەری کورد لە دادگاکانی ئێران، بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندبوو، \"ئەگەر هێزە ئینتزامییەکان و هێزەکانی کاڵا قاچاخ لە دادگاکاندا بە پاساوی ئەویەکە مەودای ئەو کەسەی کە تەقەیان لی کردووە، دوور بووەو بەهۆی دووریەکەیەوە، بۆیان تەشخیس نەدراوەو گوللـەکە بەر شوێنی کاریگەری کەوتووە، لە سزای دادگا بێبەری دەبن، بۆیە هەتا ئێستا بکوژی هیچ هاووڵاتییەک سزا نەدراوە\".