هێزی ئینتزامی لە بەرەبەیاندا ماهوارەی گوندێکی نەوسوودی کۆکردەوە

21:44 - 15 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: لەدرێژەی رەوتی فشاری ناوەندە نیزامییەکان بۆسەر هاووڵاتییانی کورد لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران، مەئموورانی هێزی ئینتزامی ماهوارەی گوندێکی نەوسوودیان کۆکردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، چوونەتە سەر گوندی نەیسانەی سەربە شارستانی نەوسوود و ژمارەیەک دیشی ماهوارەی هاووڵاتییانی ئەو گوندەیان زەوت کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، مەئموورانی کەڵانتەریی نەوسوود بە فەرماندەریی \"قادری\"، کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی هێرشیان بردۆتە سەر ئەو گوندەو دەستیان بە کۆکردنەوەی دیشی ماهوارە کردووە.

سەرچاوەکە گوتیشی، کەڵانتەریی نەوسوود بەبێ مۆڵەتی دادگا چوونەتە سەر گوندی نەیسانەو بە دیواری خانووی هاووڵاتییاندا هەڵگەڕوان و ئەمەش ترسی لەرادەبەدەری لای هاووڵاتییان، بەتایبەت ژن و منداڵەکانی ئەو گوندە، دروست کردووە.

لەماوەی ساڵانی رابردوودا کۆکردنەوەی ماهوارە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، لەلایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە بەشێوەیەکی بەرین لە ئارادا بووە و بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتوون، لە زۆر حاڵەتدا مەئموورانی هێزی ئینتزامی ماهوارە زەوت کراوەکان بە خەڵک دەفرۆشنەوە.