هێرۆ شێخە: لە تابلۆکاندا زیاتر هەوڵی دەرخستی توانا و دەروونی ژنانم داوە

15:52 - 27 خاکەلێوه 2714

 

ئاژانسی کوردپا: کچە هونەرمەندێکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، پیشانگەیەکی شێوەکاری لە گەلەریی شانەدەر لە شاری هەولێر دەکاتەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ هێرۆ شێخە کچە هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، کاتژمێر ٥ی سەرلە ئێوارێی ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوە، ژمارەیەک لە تابلۆ شێوەکارییەکانی خۆی، کە هەتا ئیستا پیشان نەدراون، لە پیشانگەیەکدا لە شاری هەولێر دەخاتە بەر دیدی ئۆگرانی هونەری شێوەکاری.

\"19386.jpg\"

 

 

هێرۆ شێخە لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵنێری کوردپا رایگەیاند؛ لە تابلۆکاندا هەوڵمداوە زیاتر دەروونی ژنانی پیشان بدەم، لەبەر ئەوەیکە لە کۆمەڵگەدا زیاتر گرینگی بە ناخ و دەروونی ژنان نادرێت.

ئەو کچە نگیارکێشە دەشڵێت؛ بەهۆی ئەوەیکە بۆخۆم لە کۆمەڵگەی کوردیدا پەروەردە بووم، ژیانی ژنانی کۆمەڵگەی کورد لە تابلۆکاندا رەنگدانەوەی هەبووە و ئەم تابلۆیانەش هەتا رادەیەک دەربڕی کۆمەڵگەی کوردەوارین، کە تیایدا کەمتر گرینگی بە توانای ژنان ئەدرێت.

هێرۆ شێخە ژنی کورد بە مرۆڤێکی خۆڕاگر پێناسە دەکات و دەڵێت؛ ژنی کورد دەیان کۆسپی لەسەر رێگەیە و دەبێ سەرەڕای ئەمەش بەردەوام بێت لە بەرنگاربوونەوە و دەبێ ئەو رێگەیەش ببڕێت، هەتا بگاتە ئەو شوێن و ئاستەی کە شیاوی ژن بێت.

ئەو کچە هونەرمەندە باس لەوەش دەکات، کە ژنی کورد بۆ ئەوەی کەسێکی سەرکەوتووی لێ دەربێت، دەبێ تواناکانی خۆی بناسێت و پشت بە تواناکانی ببەستێت و هاوکات دەبێ فەرهەنگێکیش لە کۆمەڵگەدا جێگیر بێت، کە بۆ پێشکەوتنی ژنان رێگر نەبێت.

ئەو پیشانگەیە بۆ ماوەی سێ رۆژ لە هۆڵی نیاندرتاڵ، گەلەریی شانەدەر لە شاری هەولێر کراوە دەبێت.

هێرۆ شێخە لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێر و لە رشتەی شێوەکاری‌دا بڕوانامەی بەکالریۆسی وەرگرتووە و ساڵی رابردووش یەکەم پیشانگەی شێوەکاریی لە بەرهەمەکانی خۆی لە شاری هەولێر کردەوە.