هێرشی گاردی زیندان و برینداربوونی چەند زیندانییەکی سیاسیی کورد

15:27 - 24 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی دەمەقاڵێ یەکێک لە زیندانییانی سیاسیی کورد لەگەڵ یەکێک لە مەئموورانی زیندان، گاردی زیندان هێرشییان کردووەتە سەر زیندانییانی سیاسی و چەند زیندانیی سیاسیی کورد، لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەزبەر، پاش دەمەقاڵێ لە نێوان یەکێک لە زیندانییانی سیاسی لەگەڵ مەئموورانی زیندان و لێدانی ئەو زیندانییە سیاسییە لە لایەن مەئموورانی زیندانەوە، زیندانییانی سیاسیی ناڕەزایەتییان دەربڕی و ئەمەش هێرشی گاردی زیندان بۆ سەر زیندانییان سیاسی لێ کەوتەوە.

دەمەقاڵێ نێوان زیندانییەکی سیاسیی کورد، بە ناوی \"حەمید ڕەحیمی\" لەگەڵ یەکێک لە مەئموورانی زیندان و بانگهێشتکردنی بۆ ئەفسەر نیگەهبانی و پاشان لێدانی ناوبراو لە لایەن چوار کەس لە مەئموورانی زیندان، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش ئەم ڕووداوە، سێ کەس لە زیندانییانی سیاسی بە ناوەکانی \"کەماڵ حەسەن ڕەمەزان، ئەحمەد تەمووئی و عوسمان مستەفازادە\"، بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی حەمید ڕەحیمی، مەئموورانی زیندان دەستیان کردووە بە لێدانی ئەحمەد تەمووئی و هەروەها چەند کەسێک لە مەئمووران هێرشیان کردووەتە سەر کەماڵ حەسەن ڕەمەزان و تورج ئیسماعیلیش و لێیانیان داوە.

پاش نارەزایەتیدەربڕینی زیندانییانی سیاسی، مەئمووران هەوڵیان داوە، چەند کەس لە زیندانییانی سیاسی ببنە دەرەوە کە بووە هۆی هێرش بۆ سەر زیندانییانی سیاسی و لێدانیان، کەماڵ حەسەن ڕەمەزان لووتی بریندار بووە و هەروەها ئەحمەد تەمووئی ددانێکی شکاوە و تورج ئیسماعیلیش بە هۆی شتێکی تیژەوە بریندار بووە و حەسەن ڕستگاریش لە چەند شوێنی جەستەیدا، ئاسەواری لێدانی پێوە دیارە.

مەئموورانی گاردی تایبەتی زیندان، بە تۆپز و شوکێر و گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردووەتە سەر بەندی ١٢ی زیندانییانی سیاسیی ئەو زیندانە و لێیانیان داوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەڕ بارودۆخی زیندانییانی سیاسیی دیکە بەتایبەتی حەمید ڕەحیمی و کامران دەرویشی لە بەردەستدا نییە.