هێرشی هێزەکانی سپا و ئیتلاعات بۆ سەر گوندی \"نێ\"ی مەریوان

13:16 - 26 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییان و دانیشتوانی گوندی \"نێ\"ی مەریوان بۆ پێشوازی لە ساڵی نوێی کوردی، ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوەبرد،کە لەگەڵ هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر ئەو گوندە بەرەوڕوو بوونەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٢٥ی ڕەشەمە، هێزەکانی سپا و ئیتلاعات هێرشیان کردە سەر گوندی\"نێ\"ی شاری مەریوان و پێشیان بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پێشوازی کردن لە جێژنی نەورۆز لەو گوندە گرت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: خەڵکی گوندی نێ ویستوویانە لە بەرەبەری جێژنی نەورۆز ڕێوڕەسمێکی بچووک بەڕێوەب بەن، کە لەلایەن هێزەکانی سپا و ئیتلاعات پێشی پێگیرا و شەڕ لە نێوان خەڵک و هێزە حکوومەتییەکان هاتە ئاراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا، کە لە نێوان خەڵک و هێزکانی حکوومەتی ڕوویدا، چەند ماشینێکی هێزەکانی حکوومەتی تێکشکێندراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە حکوومەتییەکانیش دەستیان گرتووە بە سەر ئۆرگ و کەرەستەی موسیقا و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

دەوترێ، کەش و هەوای نیزامیی زاڵە بە سەر گوندی نێ و هاتوچۆ لەو گوندەدا، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە قەدەغە کراوە.

گوندی نێ یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوانە و بەپێی سەرژمێری ناوەندی ئاماری ئێران لە ساڵی ٨٥ی هەتاوی، ڕێژەی دانیشتوانی ٢ هەزار ٤٣٧ کەسە.