هێرشی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بۆ سەر گوندی \"نێـ\"ـی مەریوان لە نەورۆزدا

14:26 - 2 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییان و دانیشتوانی گوندی \"نێـ\"ـی مەریوان، لە بەرەبەری نەورۆز و دەستپێکردنی ساڵی نوێی کوردی، خەریکی ئامادەکاریی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز بوون، کە لە لایەن هێزە ئینتزامی و نیزامییەکانی حکوومەتییەوە پێشی پێ گیرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ڕەشەمە، هێزە نیزامی و ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هێرشیان کردە سەر گوندی \"نێـ\"ـی مەریوان و پێشیان بە بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز لەو گوندە گرت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر گوندی نێ، شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان هێزە حکوومەتییەکان و خەڵکی ئەو گوندە هاتە ئاراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، لە ئەنجامی ئەو شەڕ و تێکەڵچوونەدا، هێزە حکوومەتییەکان دەستیان کردووە، بە تەقەی هەوای و لە گازی فرمێسکڕێژ بۆ بڵاوەکردنی خەڵک کەڵکیان وەرگرتووە و هەروەها کارەبای ئەو گوندەیان پچڕاندووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت، خەڵکی گوندی نێ بۆ بەرێوەچوونی جێژنی نەورۆز، هەموو ئامادەکارییەکیان کردبوو، بەڵام هێزە حکوومەتییەکان بوونە هۆی تێکدانی ئەمنییەت و ئاسایشی ئەو خەڵکە.

هەروەها سەرلەبەیانی ڕۆژی دواتر، ١ی خاکەلێوە، هێزە حکوومەتییەکان دووبارە هێرشیان کردە سەر گوندی نێ و دەستیان کرد بە تەقەکردن و گازی فرمێسکڕێژ، لەو پەیوەندییەدا چەند شووشەی ماڵێک شکان و چەند منداڵیش بە گازی فرمێسکڕێژ بریندار کران.

هەواڵی گەیشتوو بە کوردپا باس لەوە دەکات، کە سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی نێ بە ناوەکانی \"حەمید\"، \"محەممەد\" و \"مەحموود\" دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست.

لەو پەیوەندییەدا، هەروەها مامۆستا و پێشنوێژی گوندی نێ لە بانگەوازێکدا داوای بەرگریی لە خەڵکی ئەو گوندە کردووە، کە بەرگری لە خۆیان بکەن و ئەم هێرشەی هێزە حکوومەتییەکانی بە دەستدرێژی بۆ سەر نامووسیانی لە قەڵەم داوە.