هێرشی هێزه ئینتزامییەکان و مەئموورانی شارەداریی مەریوان و تێکدانی دەکەی کاسبکاران

11:23 - 13 خاکەلێوه 2720

شەوی یەکشەممە ١٠ی خاکەلێوە، هێزە ئینتزامییەکان و مەئموورانی شارەداریی مەریوان، هێرشیان کردووەتە سەر دەکەی دەسفرۆشەکان و بە بێڵ میکانیکی دەکەی ئەو کاسبکارانەیان تێکداوە.

لە گرتە ڤیدیۆیەکی ٤٤ چرکەییدا، هاووڵاتییەک باسی لەوە دەکات هێزە ئینتزامییەکان، بە ماشینی شارەداری و بە هێنانی بێڵ ‌میکانیکی دەستیان بە ڕووخاندنی دەکەی کاسبکارانی ئەو شارە کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "هێزە ئینتزامییەکان و مەئموورانی شارەداری مەریوان لەگەڵ کاسبکاران تووشی دەمەقاڵێ دەبن و لەو پەیوەندییەدا، ٦ کەس لە خاوەن دەکەکان دەسبەسەر دەکەن".

ئەو سەرچاوەیە شوناسی ئەو ٦ هاووڵاتییە کاسبکارەی بە ناوەکانی "ف. ف، س. ک، ج. م" بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند.

سەرچاوەی ئاژانسی کوردپا هەروەها ئەوەشی ئاشکرا کرد کە، ئەو ٦ کاسبکارە کوردە، پاش ٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی خاکەلێوە، ئازاد کراون.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو ٦ کاسبکارە کوردە، کرێچین و دەسکورتن.