هێرشی مەئموورانی زیندانی شاری سنە نزیکەی ٢٠ برینداری لێکەوتەوە

14:51 - 27 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: شەڕ و تێکهەڵچوونی مەئموورانی زیندانی ناوەندیی شاری سنە، لەگەڵ ژمارەیەک لە زیندانیی ئەو زیندانە، بریندار بوونی نزیکەی ٢٠ زیندانی بەدواوە بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٥ی جۆزەردان، مەئموورانی زیندانی ناوەندیی شاری سنە لە کاتێکدا دەیانهەویست ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانی سیاسیی مەحکووم کراو بە ئێعدام، لە بەندی گشتی بۆ بەندی تاکەکەسی بگوازنەوە، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان زیندانیانی بەندی گشتی و مەئموورانی زیندان هاتە ئاراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنەی ڕاگەیاند: مەئموورانی زیندان ویستوویانە ڕامین حوسێن‌پەناهی بۆ ژووری تاکەکەسی بگوازنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی شەڕ لە نێوان زیندانیان و مەئموورانی زیندانی ناوەندیی شاری سنە و بریندار بوونی ١٨زیندانی و مەئموورانی زیندان.

هەواڵنێری کوردپا لە زاری ئەو سەرچاوەیەوە ڕایگەیاند: لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا، ڕامین حوسێن‌پەناهی و حەیدەر قوربانی بریندار بوون و بەرپرسی زیندانیش داوای هێزی زیاتری کردووە بۆ کونتڕۆڵ کردنی ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونە.

ڕامین حوسێن‌پەناهی، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو، لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری سنە، بە سەختی بریندار بوو و لە لایەن هێزەکانی سپاوە دەسبەسەر کرا.

ماوەیەک پێش ئێستا حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری دۆسییەی ڕامین حوسێن‌پەناهی، بە ئاماژەکردن بە دەرکردنی حوکمی ئێعدامی ڕامین، لە وتووێژێکی کورتدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: \"ڕامین حوسێن‌پەناهی بە تاوانی \"بغی\" و ئەندامبوون لە کۆمەڵە بە ئێعدام بە سێدارە لە حەوشەی زیندانی سنە مەحکووم کراوە\".

حەیدەر قوربانی کوڕی عەلی زیندانیی سیاسی کورد خەڵکی شاری کامیاران لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە نزیکەی دوو ساڵە چارەنووسی ناڕوونە و هەتا ئێستا دادگا بۆ جیاکردنەوەی تاوانەکەی بەڕێوە نەچووە و هەروەها دۆسیەی قەزایی ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕەوتی ئاسایی خۆی نەپێواوە؛ ناوبراو لە گرتنی پارێزەریش بێبەری کراوە.