هێرش کردن بۆ تێکدانی شوێنی کۆ کردنەوەی یارمەتی لە لایەن شارەداریی سنەوە

15:34 - 25 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: شارەداریی سنه هێرشی کردە سەر شوێنی کۆ کردنەوەی یارمەتییەکانی خەڵک، کە بە مەبەستی یارمەتی گەیاندن بە بوومەلەرزە لێدراوانی پارێزگای کرماشان دامەزرابوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شوێنی کۆ کردنەوەی یارمەتییەکانی خەڵک بۆ بوومەلەرزە لێدراوانی پارێزگای کرماشان لە لایەن مەئموورانی شارەداریی سنەوە هێرشی کرایە سەری و تێکدرا.
ئەو هەوڵەی شارەداریی سنه، لە کاتێک دایە کە ئەو ناوەندە مەدەنییە لە لایەن فەرمانداریی سنەوە موڵەتی یاسایی هەبووە.

کۆمەڵێک لە چالاکانی خوێندکاریی زانکۆی ئازادی سنە، ئەو کەمپەینەیان بۆ یارمەتیی بە خەڵکی لێقەوماوی پارێزگای کرماشان دامەزراندبوو، کە لە لایەن مەئمووران و بەرپرسانی شارەداریی سنە بە بێڕێزییەوە کۆ کرایەوە.

دوای هاتنی بوومەلەرزەی ٣/٧ ڕیشتری لە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژی یەکشەممەدا، خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە شێوەی خۆڕسک یارمەتیان بۆ خەڵکی پارێزگای کرماشان کۆ کردەوە و هەروەها ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان کەمپەینێکی لەژێر ناوی \"وەتەن چاوی لێمانە\" بۆ یارمەتی گەیاندن بە خەڵکی بوومەلەرزە لێدراوی کرماشان دامەزراند.