هێرش بۆ سەر گوندی مووسک و کۆکردنەوەی دیشی ماهوارەی هاووڵاتییان

14:53 - 6 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتی و ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، هێرشیان کردە سەر گوندی \"مووسکی\" شاری مەریوان و دەستیان بە کۆکردنەوەی دیشی ماهوارەی دانیشتووانی ئەو گوندە کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی پووشپەڕ، هێزە ئیتلاعاتی و ئینتزامییەکان، هێرشیان کردە سەر گوندی \"مووسکـ\"ـی شاری مەریوان و دەستیان بە کۆکردنەوەی دیشی ماهوارەی دانیشتووانی ئەو گوندە کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"هێزە ئیتلاعاتی و ئینتزامییەکان، سەرەڕای کۆکردنەوەی ماهوارەکان، دەزگای ماهوارەکانیشیان لەگەڵ خۆیان بردووە و دەسبەجێ ئەو گوندەیان بەجێهێشتووە\".

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم هەوڵەی هێزەکانی ئیتلاعاتی و ئینتزامییەکان، لە ترسی بینینی تەلەفزیۆنی \"تیشک تی ڤی\" بووە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە دانیشتووانی گوندی مووسکی شاری مەریوان، لەمەڕ ئەم هەوڵەی هێزە ئینتزامی و ئیتلاعاتییەکان، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

ئەم سەرچاوەی کوردپا هەروەها وتی: \"سەرەڕای کۆکردنەوەی دیشی ماهوارەکان، هێزە حکوومەتییەکان دەستیان بە بێڕێزیکردن بە هاووڵاتییانی ئەو گوندە کردووە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، لە زۆربەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، کۆکردنەوەی ماهوارە بە دەستی ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ئارادا بووە و بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتوون، هاووڵاتییانی کورد لە زۆربەی شوێن و ناوچەکان، بەرنگاری ئەو هیزانە بوونەتەوە.