هیوا بووتیمار لە زیندان ئازاد کرا

13:08 - 2 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە دامەزرێنەرانی \"ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان\" پاش تێپەڕاندنی ٦ ساڵ زیندانی، دوێنێ چوارشەممە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هیوا بووتیمار یەکێک لە چالاکانی ناسراوی ژینگەپارێز و هەواڵنێری ماڵپەڕی \"ئەنجومەنی سەوزی چیا\" لە کوردستان، پاش تێپەڕاندنی ٦ ساڵ زیندانی، رۆژی چوارشەممە ئازاد کرا.

ئەو چالاکەی بواری ژینگە سەرەتای مانگی بەفرانباری ساڵی ٨٥ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ٦ مانگ دەستبەسەر کران لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری \"مەریوان\"ەوە هاوڕێ لەگەڵ\"عەدنان حەسەن‌پوور\" چالاکی رۆژنامەنووسی زیندانیی کورد بە تاوانی دژایەتی لەگەڵ خودا (ئەندامەتی لەگەڵ حیزبێکی کوردی ئۆپۆزسیۆن) بە ئێعدام مەحکووم کران.

رۆژی سێشەممە، رێکەوتی ٣٠ خەزەڵوەر \"زەینەب بایزیدی\" یەکیک لە زیندانیانی سیاسیی کورد و چالاکی ژنان پاش تێپەڕاندنی ٤ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی لە زیندانی مەراغە ئازاد کرا.

هیوا بووتیمار لە کاتی زیندانییەکەیدا و بە ناڕەزایەتیی بە حوکمی ئێعدام، زیاتر لە ٥٠ رۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دەستی دایە مانگرتن و دواتر لە ژێر گوشاری چالاکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوە نێونەدەوڵەتییەکان ئەو حوکمە بۆ ٨ ساڵ زیندان کەم کرایەوە.

هیوا و عەدنان حەسەنپوور سەرماوەزی ساڵی ٨٦ لەلایەن رێکخراوی راگەیاندن و تەناهیی هەواڵنێران \"ISF\"ەوە خەڵاتی ئازادیی راگەیاندنی ئیتالیایان پێ بەخشرا کە خوشکی عەدنان و برایەکی هیوا بە نوێنەرایەتی ئەو دوو زیندانییە کوردە خەڵاتەکەیان وەرگرت.