هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا

18:22 - 20 بانەمەڕ 2720

ئەمڕۆ شەممە ٢٠ی بانەمەڕ، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، زیندانیی سیاسیی مەحکووم کراو بە ئێعدام، لە زیندانی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سیاسییە مەحکوم کراوە بە ئێعدام، نزیکەی ٣ کاتژمێر پێش لە بەندەکەی خۆیدا براوەتە دەرەوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئەو زیندانییە سیاسییە بە بیانووی کارتی تەلەفۆن بۆ دەرەوەی بەندەکەی ڕاگوێزراوە و لە هۆکاری ڕاگوازتنەوەکەی بۆ دەرەوەی بەند هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ٩٧، دیوانی باڵای وڵات حوکمی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی شنۆی پشتڕاست کردەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، "هیدایەت عەبدوڵاپوور" کوڕی "ئەبووبەکر"، زیندانیی سیاسی کورد، بۆ دووهەمین جار لە دادگای ئینقلابی ورمێ دادگایی کرا. دادگا ناوبراوی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، دووبارە بە ئێعدام مەحکووم کرد.

پیشتر یەکێک لە نزیکەکانی "هیدایەت" ڕایگەیاندبوو: "پاش ئەوەی کە حوکمی ئێعدامی هیدایەت لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە و نێردرایەوە بۆ دادگای ورمێ، هیدایەت لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ئەو شارە دادگایی کرا و بۆ دووهەمین جار لەسەر داوای حیفازەت ئیتلاعات، حوکمی ئیعدام بەسەر ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەدا سەپا".

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە لە یەکەم کۆبوونەوەی دادگایی کردنیدا بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو" و لە کاتی دووبارە دادگایی کردنیدا بە سەرۆکایەتیی دوو دادوەر بە ناوەکانی "سەعید ئەحمەدی و دادوەر قازیزادە"، بە ئێعدام مەحکووم کرا.

هیدایەت عەبدوڵلاپوور ٧٤ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ، ئازار و ئەشکەنجە کرابوو.