هۆکارەکانی خۆکوژی و رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی خۆکوژی لە زاری چالاکانی ژنەوە + وتووێــژ

16:05 - 20 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رێژەی خۆکوژی لە وڵاتی ئێــران و بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان رووی لە زیاد بوون کردووە و تەنانەت تەمەنی خۆکوژی هەتا تەمەنی ژێــر ١٠ ساڵیش رۆیشتووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٧٢ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کەلە کۆی ئەو رێـژەیە ٤١ کەسیان ژن بوون و هەروەها ٣١ کەسیان پیاوان پێکهیان هێناوە.

ئەو ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو بە شێویەکی بەرچاو رووی لە زیادبوون کردووە، بە شێویەک کە تەنیا لەو ماوەیەدا ٢٧ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران کۆتاییان بەژیانی خۆیان هیناوە کە ١٥ کەسیان ژن و ١٢ کەسیان پیاو بوون کە بە هۆکاری جۆراوجۆر کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەبۆنەی \"رۆژی پێشگیری لە خۆکوژی\" و هەروەها بۆ تاوتوێ کردنی هۆکارەکانی زیادبوونی رێژەی خۆکوژی و رێکارەکانی نەهێشتن یان کەم کردنەوەی خۆکوژی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران، دیمانەی لەگەڵ چەند کەس لە چالاکانی ژنان پێکهێناوە.

\"15240.jpg\"
ئازەر تاهیرئابادی رۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی شاری کەنگاوەر لە وەڵامی پرسیارێکدا کە یاسای هەنووکەی وڵاتی ئێـران هەتا چەند کاریگەری و رۆڵی لە زیاد بوونی رێژەی خۆکوژیی هاووڵاتییان دایە، رایگەیاند: یاسای هەنووکەیی وڵاتی ئێـران لەسەر بنەمای \"شەریعەت(فقە)\" دارێژراوە و شەریعەتیش لە راستیدا یاسایاکی توند و تیژە، بەتایبەت سەبارەت بە مەسەلەی ژنان کە ناراستەوخۆ لە زیادبوونی ئاماری خۆکوژیدا کاریگەری هەبووە، بەڵام باوەڕ ناکەم بۆ کەم کردنەوەیەئەو ئامارە هیچ رۆڵێکی هەبێت.

هاوکات شەهێن محەممەدی لەبارەی هۆکارەکانی زیادبوونی رێژەی خۆکوشتنەوە راگەیاند، جیا لە (یاسا، کولتوور، ئایین، نەریتی بوونی کۆمەڵگە، بێکاری و دەستکورتی، تووش بوون بە ماددە هۆشبەرەکان)، بە سەرنجدان بە زانستی دەروونناسی \"خەمۆکی، هەڵچوون و تووڕەیی\" لە هۆکارەکانی خۆکوژی ئەژمار دەکرێن، بەتایبەتی خەمۆکی لە نێــوان ژناندا هۆکاری سەرەکیی خۆکوژی لە قەڵەم ئەدرێت.

ئەو ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی مەریوان هۆکاری هاتنە ئارای خەمۆکیی بۆ کێشەی نێوان فەرهەنگی مۆدێرنیتە و نەریتی کۆمەڵی کوردەواری گەڕاندەوە و رایگەیاند: ئەم دوو روانگە جیاوازە وا دەکات کە لە نێوان چینی لاوی خوێندەوار و چینی نەخوێندەار یان خێڵەکی‌دا دژایەتی دروست بێت و لە ئەنجامدا دژایەتییەکی فیکری و بیر کردنەوە لە چوارچیوەی بنەماڵەدا دروست دەبێت، کە پاشهاتەکەی خۆکوژی و لە هەندێک حالەتیشدا هەڵاتن لەماڵی لێ دەکەوێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە نه‌بونی متمانه‌ به‌ خۆ و نا‌آگاهی ژنان و نه‌بونی ئۆمێد به‌ ژیان له‌ کۆمه‌ڵگەدا، نه‌بونی شۆێنێکی و ناوەندێکی تایبه‌ت بۆ داکوکی له‌و ژنانه‌ که‌ توشی کێشه‌ ده‌بن. یاسا ی نامروڤانه‌ی دژه‌ ژن به‌ جۆرێک که‌ هیچ لێپرسینەوەیەک‌ له‌و که‌سانه‌ی که‌ ئه‌بنه‌ هۆکاری سه‌ره‌کی خۆکوژی ژنان و یان کوشتنی ژنان، نیه‌.

ئازەر تاهیرئابادی چالاکای مافی ژنان سەبارەت بە رێکاری بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ خەسارە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، \" پێویستە خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە چەند لایەنەوە تاوتوێ بکرێن، یەکەم ئەو خەسارانەی کە راستەوخۆ لەسەر تاک شوێن دانەرییان هەیە. دووەم: ئەو خەسارانەی کە بە تێپەڕبوونی کات کاریگەرییان لەسەر تاک دەبێت. یاسا لە وڵاتی ئیــران بەداخەوە لە جێگەی ئەوەی کە تاک لە خەسارەکان بپاریزێت، راستەوخۆی هۆکاری دروست بوون و بەردەوام بوونی ئەو خەسارە کۆمەڵایەتییانەیە کە دەکرێ تاک بەرەو خۆکوژی هان بدات. بەتایبەت سەبارەت بە مەسەلەی ژنان وەک: \" مەسەلەی حیجاب، جلوبەرگ\" کە لە ئێستادا کێشەیەکی یەکجار زۆری بۆ ژنان دروست کردووە، کە ئازاد بوون لە پۆشینی جلوبەرگ و مودێلی جلوبەرگ تاڕادەیەک دەتوانێ یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی تاک لە خەمۆکی و هۆکارەکانی خۆکوژی بە دوور بگرێت.

\"15241.jpg\"
شەهێن محەممەدی ئەندامی چالاکی ئەنجومەنی ژنانی مەریوان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەم رەوتی خۆکووژییە لە کوردستانی ئێڕان حاڵی تێپەڕبوون دایە و بە ئەگەری زۆر ئێستا گەیشتبێتە لووتکە و بەرە بەرە لە گەڵ جێگیربوونی فەرهەنگی مۆدێرنیتە و پێگەیشتنی نەسلی نوێ، بە دڵنیاییەوە لەماوەی ١٠ سالی داهاتوودا ئاماری خۆکوژی بە بەراورد لەگەڵ ئێستا یەکجار کەمتر دەبێت.

ئەو ژنە رۆژنامەنووسە لە وڵامی پرسیارێکی دیکەدا کە ئایا ژنان یاسا دارێژ بن هەتا چەندە کارێگەریی لە کەم کردنەوەی رێژەی خۆکوژیدا دەبێت، گوتی: \" لە روانگەی منەوە هیچ جیاوازییەک نییە کە ژن یان پیاو یاسا دارێژ بێت، مادام سەرچاوەی یاسا دوگم و نەگۆڕ بێت، ناکرێ یاسایەکی دروست و ئوسوڵی دابرێژرێت، کەوابوو کاتێک شەریعەتی شیعە بە سەرنجدان بە سەچاوەی بیر و باوەڕی خۆی یاسا دادەڕێژێت لە پلەی یەکەمدا شەریعەتی شیعە لەبەر چاو دەگریت پاشان لە پلەی دووەمدا مرۆڤایەتی و ئینسان جێی دەبێتەوە، بۆیە لێرەدا جیاوازییەک لە نێوان یاسا داڕێژ بوونی ژن یان پیاودا نییە. من وەک ژنێک دەمهەوێ ئەگەر کەسێک یاسا دادەڕێژێت، پێویستە لە پلەی یەکەمدا ئینسانییەت و پاشان شەریعەت لەبەر چاو بگرێت. بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەم شێوە عەقڵیەتە لە دانانی یاسادا جێگیر بێت، رێژەی خۆکوژی و بەتایبەت خۆکوژیی ژنان کەم دەبێتەوە.

شەهێن محەمەدی ئەندامی چالاکی ئەنجومەنی ژنانی مەریوان وێڕای جەخت کردنەوە لەوەی کە رۆژانە بە لانیکەمەوە لە شاری مەریوان هاووڵاتییەک هەوڵی خۆکوژی ئەدات، رایگەیاند، کە زۆربەی ئەو کەسانە بە خۆسووتان و خواردنی حەب هەوڵی خۆکوژی ئەدەن و لە هەندێک حاڵەتیشدا ژنان بەدەستی کەسوکاری خۆیان دەکوژرێن و پاشان ئاگریان تێبەر ئەدەن.

ناوبراو رایشیگەیاند: کە زیاد بوونی رێژەی خۆکوژی گەیشتۆتە ئاستێک کەلە ئێستادا وەک نەخۆشییەکی گشتگیر سەیر دەکرێت، بۆیە بەداخەوە هەواڵی خۆکوشنەکانیش ئاسایی بوونەتەوە و ئەمەش وای کردووە کە هەوڵێکی جیددی بۆ بن‌بڕ کردنی ئەم کارەساتە لە ئارادا نەبێت.