هۆکارە نادیارەکان و خۆکوژی هاوووڵاتییانی کورد لە کوردستان

16:14 - 22 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری میاندوئاو، بە هۆکاری نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی گوندی \"کۆخان\"ی شاری میاندوئاو لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوناسی ئەو ژنە کوردە بە ناوی \"نەشمیل سوڵتانی\" کچی جەعفەر ڕاگەیەندراوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری خۆکوژی ئەو ژنە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بە باوەڕی کارناسان، زۆربەی ئەو ژنانە کە هانا بۆ خۆکوژی دەبەن، ئاستی خوێندەواریان نییە یان کەمە و لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش بۆ خۆکوشتن و دەربازبوون لە دەست کێشەکان، لە شێوازی خۆسووتاندن یان خۆهەڵواسین کەڵک وەردەگرن.

هەر لەو پەیوەندییەدا و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوو هاوووڵاتیی کورد خەڵکی شاری سەقز بە ناوەکانی \"ئەشکان فەروخی و تاهیر شەمسی\" بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە دەستیان دایە خۆکوژی.