هۆکاری دواکەوتنی کۆنگرەی نەتەوەیی لە روانگەی کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانەوە + وتووێژ

20:27 - 20 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەر ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کۆبوونەوە و دواتر لە راگەیەندراوێکدا بەهۆی دواکەوتنی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد داوای لێبوردنیان لە سەرجەم خەڵکی کوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییەکان کردووە.

کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کورد هۆکاری دواکەوتنی کۆنگرەی بۆ گرفتی سیاسی و تەکنیکی گەڕاندۆتەوە.

ئاژانسی کوردپا بۆ روون کردنەوە و تاوتوێ کردنی هۆکاری دواکەوتنی کۆنگرە لەگەڵ چەند کەس لە ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکار وتووێژی پێکهیناوە:

\"16729.jpg\"
غەفوور مەخمووری: راپۆرتەکانی کۆمیتەی ئامادەکار بەشێوەی پێویست ئامادە نەکراون و زۆربەی راپۆرتەکان نیوەچڵ بوون
غەفوور مەخمووری ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی کۆنگرەکە رایگەیاند: \"ئامادە کارییەکان بە شێوەی پێویست نەکراون و هاوکات کێشەی نێوان حیزبە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان لە هۆکارەکانی دواکەوتنی کۆنگرە بوون\".

ئەو ئەندامەی لێژنەی کۆمیتەی ئامادەکار سەبارەت بە کێشەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، گوتی: \"حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تێڕوانینی جیاوازیان لەسەر پرسە سیاسییەکان هەبوو، بۆیە لەبەر ئەوەی ئەو گرژییانە نەمێنن، پێویست بوو کۆنگرە دوا بخرێت\".

مەخمووری سەبارەت بە کێشە تەکنییەکییەکانی کۆنگرە نەتەوەیی ئاماژەی بەوە کرد: \"راپۆرتەکانی کۆمیتەی ئامادەکار بەشێوەی پێویست ئامادە نەکراون و زۆربەی راپۆرتەکان نیوەچڵ بوون، بۆیە لە ئەگەری بەڕێوەچوونی کۆنگرە، کۆمەڵێک فاکتەر پەراوێز دەخران، بۆیە لە بەر ئەم گرفتانە، بڕیار درا کە کۆنگرە دوا بخرێت\".

\"16732.jpg\"
رەزا کەعبی: دیاریکردنی پێشوەختی کۆنگرە کارێکی دروست نەبوو
لەلایەکی دیکەوە رەزا کەعبی گوتی، کۆنگرەی نەتەوەیی پێویستی بە تاوتوێ کردنی زیاتری ئامانجەکان کۆنگرە، رێژەی بەشداربوانی کۆنگرە، بڕیارات و بەرنامەی سیاسیی هەبوو، بۆیە کۆنگرەیەک کە یەکەمین کۆنگرەی نەتەوەی کورد بێت، پێویستە کاری زیاتری بۆ بکرێت\".

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ئامادە کاری کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە وڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی بەر لەوەی کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرە دیاری بکرێت، لەسەر ئەو فاکتەرانە ساغ نەبوونەوە، گوتی: \" پێشتر کە هیچ ئامادە کارییەکمان بۆ کۆنگرە نەکردبوو و هاوکات کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکەمان دیاری کرد کە ئەمە لە خۆیدا کارێکی دروست نەبوو، بۆیە ئەگەر بمانهەوێ کۆنگرەیەکی پڕ دەستکەوت بگرین، پێویستی بە کاری زیاتر هەیە\".

رەزا کەعبی: \" یەکێک لە هۆکارەکانی بەردەوامی دواکەوتنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردی بۆ ململانێی سیاسی گەڕاندەوە و رایگەیاند، \" ئەم کێشەیە لە هەر چوار بەشی کوردستان هەیە، بۆ یەکەمین جارە کە دەیان حیزب و رێکخراو بە بۆچوونی جیاوازەوە لە دەوری یەک کۆدەبنەوە، بۆیە گەیشتن بە رێکەوتن ماوەی زەمەنییەکی زۆر دەخایەنێ و پێویستی بە دانیشتن و لێکتێگەیشتی زیاتر هەیە\".

هاوکات عومەر باڵەکی ئەندامی لێژنەی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەی، یەکێک هۆکاری دواکەوتنی کۆنگرەی نەتەوەیی بۆ گرفتی سیاسی گەڕاندەوە و ناوبراو پێیوایە کە بارودۆخی سیاسیی حیزبە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە کاتی دەستپێکی کاری کۆنگرەوە هەتا ئێستا بەرەو ئاقارێکی دیکە رۆیشتووە و هاوکات لە هەرێمی کوردستانیش بە هۆی ئەو هەڵبژارنەی کە ئەنجام دراوە، دۆخی سیاسیی حیزبەکان گۆڕدراوە، لەبەر ئەوەی کە کۆنگرەکەش لەسەر دەستی حیزبە کوردییەکان بەڕێوە دەچێت، ئەم فاکتەرانە راستەوخۆ لەسەر کاتی بەڕێوە چوونی کۆنگرەکە کاریگەرییان هەیە\".

\"16730.jpg\"
عومەر باڵەکی: هەتا ئەو کاتەی سەرجەم کارەکانی کۆنگرە تەواو نەکەین کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرە دەستنیشان ناکەین
عومەر باڵەکی لە وڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی پێش ئەوەی ئامانج و ستراتژییەکانی کۆنگرە دیاری بکەن، کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکەتان دەستنیشان کرد؛ رایگەیاند: \" بەداخەوە یەکێک لە گرفتە تەکنییەکییەکان کە کۆمیتەی ئامادەکار بەرەوڕووی بوویەوە ئەوە بوو پێش هەموو شتێک کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی دیاری کرد، هەر بۆیەش داوای لێبوردنمان لە گەلی کورد کردووە\".

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ئامادەکار باسی لەوەش کرد\" هەتا ئەو کاتەی کە هەموو کارەکانی کۆنگرە تەواو نەبن و رێکەوتنێک لەنێوان حیزبەکاندا دروست نەبێت، کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرە دیاری ناکەین\".

لەلایەکی دیکەوە حەسەن شەرەفی هۆکاری دواکەوتنی کۆنگرەی بۆ گرفتی سیاسیی نێوان هێزە سیاسییەکان و هەروەها کەمیی کات گەڕاندەوە و رایگەیاند: تەنانەت ئێمە وەک ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکار ەنەمانتوانی لە کاتی دیاریکراودا کۆببینەوە، بۆیە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەر کە ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکار کۆبوونەوینەوە و لە کاتێکیشدا ١٥ رۆژی بە بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە مابوو، بڕیار درا کە کۆنگرە بۆ کاتێکی نادیار دوا بخرێت\".

\"16728.jpg\"
حەسەن شەرەفی: ئیرادەی سەرجەم ئەندامانی لێژنەی کۆمیتەی ئامادەکار بۆ بەستنی کۆنگرە لەجێی خۆیدا باقییە
حەسەن شەرەفی لە وڵامی پرسیارێکدا کە دواکەوتنی کۆنگرە هەتا چ رادەیەک پەیوەندی بە کێشەی نێوان پارتی و پەکەکەوە هەیە رایگەیاند: \" گرفتی سەر رێگەی بەستنی کۆنگرە بە یەک یان دوو لایەنەوە بەرتەسک نابێتەوە، هەرچەندە کارێکی قورسە لە هەمان کاتدا دەبێ هەوڵ بدرێ کە هەموو بەربەستە سیاسییەکان لاببردرێن و کۆمیتەی ئامادەکار بە شێوەی پێویست خۆی بۆ بەستنی کۆنگرە ئامادە بکات\".

ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆنی سیاسیی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەی سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەگەری ئەوە دەکرێ کە کۆنگرەی نەتەوەیی بەڕێوە نەچێت؛ گوتی: \" لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی رابردوودا کە ئەندامانی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرە کە سەرجەمیان ئەندامی حیزبە سیاسییەکان هەرچوار بەشی کوردستان بوون، هەست بەوە نەدەکرا کە بۆ چوونێک بۆ نەبەستنی کۆنگرە لە گۆڕێدا بێت، بە پێچەوانە ئیرادەی سەرجەم ئەندامان بۆ بەستنی کۆنگرە لە جێی خۆیدا باقی بوو\".

لە کۆبوونەوەی یەکەم رۆژی کاری کۆمیتەی ئامادەکاردا بۆ پێکهێنانی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی لە سەڵاحەددین، ٣٩ لایەنی کوردی لەهەر چوار بەشی کوردستان بەشداربوون و لە ئەنجامدا لێژنەیەکی ٢١ کەسی بە نوێنەرایەتی لە هەر چوار بەشی کوردستان بۆ راپەڕاندنی کارەکانی پێش کۆنگرە راسپێردران.

هاوکات بێهزاد خۆشحاڵی نووسەر و رۆژنامەنووس لە پەیوەندی لەگەڵ دواکەوتنی کۆنگرەی نەتەوەی رایگەیاند، \" پاش ئەوەی کۆمیتەی ئامادەکار داوای لێبوردنی کرد هیواکان رەوینەوە و بۆیە بەڕێوەچوونی کۆنگرەی نەتەوەی رەنگە مەحاڵ بێت، کەوابوو دەواتنین بلێین ئەو شتەی کە ناوی کۆنگرەی نەتەوەیی بوو، تەنیا ناوەکەی بوو، بەڵام ناوەرۆکەکەی ململانێی دەسەڵاتی نێوان دوو زلهێزی حیزبیی ئێستای کوردستان \"پارتی دێمۆکرات و پەکەکە\" بوو.

\"16731.jpg\"
بێهزاد خۆشحاڵی: کۆنگرە هەر لە سەرەتاوە بە مردووی لە دایک بووە و لەوەش زیاتر لێی چاوەڕوان ناکرێت
ناوبراو گوتیشی \"هەر یەک لەو دوو حیزبە خۆیان بە گەورەی کورد ئەزانن، بۆیە ئەمە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ سەر بگرێت، ئەوان بە ئاشکرا مافی نەتەوەی کوردیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێشێل دەکرد، کەوابوو ئەمە زیاتر کۆنگرەی حیزبی بوو هەتا کۆنگرەی نەتەوەیی، چونکە لە دەستپێکی کۆنگرەوە هەتا ئێستا هیچ پلان و نەخشە رێگەیەکی بۆ دیاری نەکرابوو، کە لە ئەنجامیشدا بووە قوربانیی سیاسەتی ئەو دوو هێزە کوردییە\".

بێهزاد خۆشحاڵی ئاماژەی بەوەش کرد؛ هەر وڵاتێک کە بیهەوێ وڵات دابمەزرێنێت، سەرەتا هەموو پلان و پرۆژە و ئامانجەکانی خۆی دیاری دەکات، بەڵام کۆنگرەی نەتەوەی هیچکام لەم خاڵانە تێدا رەچاو نەکرابوو، هاوکات کۆمیتەی ئامادەکار تەنیا چەند فاکتەرێکیان لە بەر چاو گرتبوو، بۆیە دەتوانم بە دڵنیاییەوە ئەوە بڵێم کۆمیتەی نوخبەکانی کورد نەبوو، بەم پێیە ئەم کۆنگرە هەر لە سەرەتاوە هەر بە مردووی لە دایک بووە و لەوەش زیاتر لێی چاوەڕوان ناکرێت\".

ئەو رەخنەگرە گوتیشی \"کۆنگرەی نەتەوەیی کێشەی ستراتیژیکی هەبوو، ستراتژیکی کۆنگرە لە راستیدا بەرەو ئەو ئامانجانەش نەدەڕۆیشت کە سەرەتا کۆنگرەی نەتەوەی چەند خاڵێکی دیاری کردبوو، تەنانەت لە دەستپێکیشدا کۆنگرەی نەتەوەیی بەناوی ئەو کەسایەتیانەوە کرایەوە کە حیزبەکانیان بانگهێشتی کۆنگرە کردبوو، لەوێدا جێگە و روانگەی سەرکردەی کورد دوکتور قاسملوو چۆڵ بوو، تەنانەت لە رووی حەشیمت و پانتایی خاک و وڵاتیشەوە رۆژهەڵاتی کوردستان پراوێز خرابوو، کەوابوو ئەگەر ئەم ئیلیت و فاکتەرانە لەبەر چاو نەگیردرێن و هاوکات بەرژەوەندیی دوو وڵاتی ئێران و تورکیەش بپارێزێت، پەراوێز خستنی کورد دەگاتە ئەوپەڕی خۆی و تەنیا شتێک کە لە کۆنگرەدا ناوی نامێنێت، نەتەوەی کوردە\".