هۆشدار بە ڕووحانی: سەنعەتی پارێزگای کرماشان بەرەو مایەپووچ دەچێت

21:37 - 25 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: دوو پرۆژەی گەورەی ئابووری لە پارێزگای کرماشان پاش چەند ساڵ، لە سەدا پێنج، بەرەو پێشچوونی بە خۆوە بینیوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیس لە شاری کرماشان، بەرپرسی دەسەڵاتی یاسادانی بە هۆکاری جێبەجێ نەبوونی بەڵێنەکان، لەو شارە تاوانبار کرد.

لە دانیشتنی فەرمیی مەجلیس، کە ئەمڕۆ ٢٥ی خۆزەردان بەڕێوە چوو، سەید قاسم جاسمی وێڕای هوشداری دان بە ڕووحانی گووتی: لە ڕوانگەی ڕێژەی چوونە سەری تەڵاق، خرابکاری، تووشبوون بە مادەی سڕکەر، پارێزگای کرماشان لە بارودۆخێکی ناڵەبار دایە و شارۆچکە پیشەییەکان بەرەو لە ناوچوون و مایەپووچی دەڕۆن.

ئەو نوێنەرەی مەجلیس لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە دوو پرۆژەی پاڵاوگەی نەوتی ئاناهیتا و ڕێگای ئاسنی مەلایەر لە پارێزگای کرماشان کرد،کە لە کاتی هاتنی خامنەیی لە پاییزی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی هەتا ئێستا، کەمتر لە ٥% بەرەوپێشچوونی بە خۆوە بینیوە.

ساڵی ڕابردوو جیگری ئاوەدانیی پارێزگای کرماشان، باسی لە کۆتایی هاتن و کردنەوەی ئەو دوو پڕۆژەیە هەتاکوو مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ کردبوو.

هەروەها بەپێی هەواڵە بڵاوبووەکان، شیرکەتی شێستا(شرکت سرمایەگذاری تامین اجتماعی) گرینگترین بەربەست بووە لە بەردەم وەگەڕخستنی تەنیا پاڵاوگەی نەوتی نەپاڵێردراوی ئێران و لە کرماشان بە ئاژمار دێت.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە ماڵپەڕی خانەی میللەت، هەواڵدەریی مێهر لە زاری پارێزگاری کرماشانەوە بڵاوی کردەوە، کە ٢٤٠ یەکەی بەشی سەنعەتی ئەو پارێزگایە ڕاوەستاوە.

سەرەڕای پێداگریی بەرپرسانی حکوومەتی لە شاری کرماشان، لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا، تەنیا ١٧ یەکەی پیشەیی توانیویانە چالاکییەکانی خۆیان وەگەڕ بخەن.

لە یەکە ناچالاکەکانی پارێزگای کرماشان، نزیکەی بە ٦هەزار کەس تێدا خەرێکی ئێش و کارن و ئەگەری بێکار بوونیان نزیکە.

بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، بۆ دەست بەکار بوون و وەڕێ‌خستنەوەی چالاکیی یەکە پیشەییەکان، زیاتر لە ٤٠٠ میلیارد تمەن پارە پیویستە.

پارێزگای کرماشان لە ڕوانگەی تەرخان کردنی بودجەی سەنعەتی لە ناو پارێزگاکانی ئێراندا، پڵەی شازدەهەمینی هەیە.