هونەرمەندێکی گۆرانیبێژی سنەیی کۆچی دوایی کرد

15:55 - 4 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: هەنەرمەندی گۆرانیبێژی ناسراوی کوردی خەڵکی شاری سنە، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ محەمەدمەلیک محەمەدی ناسراو بە \"مەلێ دۆم\" هونەرمەندی ناسراوی مۆسیقای ئەردەڵانی، پاش چەندین ساڵ کاری فۆلکلۆری هونەر و مۆسیقای کوردی، لە شاری سنە ماڵئاوایی لە ژیان و هونەری کوردی کرد.

\"18019.jpg\"
مۆسیقای ئەردەڵانی، کە سێ بەشی \"بان لەیلاخ\"، چەم شار\" و \"ناوشار\"ی سنە لەخۆ دەگرێت، لەلایەن ئەو هونەرمەندە کوردەوە زیندوو کرایەوە و لە ماوەی تەمەنی هونەریی خۆیدا چەندین ئاوازی فۆلکلۆری لەو مۆسیقا رەسەنەی ناوچەی سنە تۆمار کرد.

\"مەلێ دۆم\" بەهۆی چالاکبوون لەو بوارە هونەرییەدا لەلایەن ناوەندە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانەوە رێزی لێگیراو مانگی پووشپەڕی ئەمساڵیشدا \"ئەنجومەنی رێزلێنان لە ناودارانی کورد\" لە رێوڕەسمێکی تایبەتیدا رێزیان لە تەمەنێک تێکۆشانی هونەریی ناوبراو گرت.

بە بڕوای زۆربەی چالاکانی هونەر و مۆسیقای کوردی، مۆسیقای ئەردەڵانی کە لەبەرە بەری فەوتاندا بوو، لەلایەن مەلێ دۆمەوە زیندوو کرایەوە و رێگری لە فەوتان و بەلاڕێداچوونی مۆسیقای ئەردەڵانی کرد.

هونەرمەندی دۆمانەبێژی کوردی خەڵکی شاری سنە پاش تەمەنێک چڕینی گۆرانی ئەردەڵانی فۆلکلۆری کوردی، رێکەوتی ٥ی رێبەندان لە شاری سنە کەژاوەی ژیانی بەرەو نەمان رۆیشت و ماڵئاوایی لە ژیان و هونەر و مۆسیقای کوردی کرد.