هونەرمەندێکی کەمئەندامی سەقزی، پیشانگەیەکی نیگارکێشی کردەوە+وێنە

19:47 - 13 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: هونەرمەندێکی کەمئەندامی خەڵکی شاری سەقز بە بۆنەی رۆژی جیهانیی کەمئەنداماندا، پیشانگەیەکی نیگارکێشی کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەحمەد سەبۆکڕەو، هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری سەقز لە رۆژی ١٢ی سەرماوەزدا، پیشانگەیەکی نیگارکێشیی کردەوە، کە تیایدا چەندا تابلۆیەکی لە بەرهەمەکانی خۆی خستۆتەڕوو.

رەحمان حەکیمی بەرپرسی ئیدارەی بێهزیستیی شاری سەقز، لە رێوڕەسمی کرانەوەی ئەو پیشانگەیەدا رایگەیاندووە، ئەحمەد سەبۆکڕەو، کە هونەرمەندێکی کەمئەندامە، توانیویەتی ئەو پیشانگەیە لە رۆژی جیهانیی کەمئەنداماندا بکاتەوە.

ئەو پیشانگەیە، ٢٥ تابلۆی نیگارکێشیی ئەو هونەرمەندە کەمئەندامەی لەخۆ گرتووە، کە بۆ ماوەی ٥ رۆژ لە دوو شیفتی بەیانی و پاشنیوەڕۆیاندا لە نیگارخانەی فەرهەنگ و ئیرشادی شاری سەقز بەڕووی هاووڵاتییاندا کراوە دەبێت.

هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی کەمئەندامان رێوڕەسمێک بەو بۆنەیەوە لەشاری سەقز بەڕێوەچوو، کە تیایدا بەرپرسی ئیدارەی بێهزیستی رایگەیاند، کە لە شاری سەقزدا ٣ هەزار و ٧٨٦ کەمئەندام شناسایی کراون، کە تەنیا ٨٠٠ کەسیان لەژێر چەتری خزمەتگوزاریی ئەو ئیدارەیەدان.

لەو رێوڕەسمەدا، کە ژمارەیەک لە کەمئەندامان خەڵات کران، بەرپرسی ئیدارەی بێهزیستی راشیگەیاند، کەلە سەدا یەک و نیوی دانیشتوانی شاری سەقز هاووڵاتییانی کەمئەندامن و پێویستە کێشەی نیشتەجێبوون و کار و پیشەیان چارەسەر بکرێت.

وێنە: محەمەد باژین
\"23455.jpg\"

\"23458.jpg\"

\"23456.jpg\"

\"23459.jpg\"

\"23460.jpg\"