هونەرمەندێکی کوردستان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی \"قربۆقی زێڕین\"ی فیلمی دیکومێنتاری هەڵبژێردرا

14:12 - 18 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: حشمەت نارنجی لە بەشی کێبڕکێی کورتە فیلمی دیکومێنتاری، لە ٢٤ەمین کێبڕکێکانی فیلمی نێونەتەوەیی \"پلاس کەمێرا ئیمەیج\"ی وڵاتی لەهستان بۆ وەرگرتنی خەڵات دەست نیشان کرا.

هەواڵدەریی فارس لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، حشمەت نارنجی لە کورتە فیلمی دیکومێنتاریی \"٧٤\" لە دەرهێنەریی ستار چەمنی گوڵ، لە ٢٤ەمین فێستیڤاڵی کورتە فیلمی دیکومێنتاری و فیلمی سینمایی، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی \"قڕبۆقی زێڕین\" لە وڵاتی لەهستان دەست نیشان کرا.

بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سینمای لاوی پارێزگای کوردستان ڕایگەیاند: پێوەری خەڵاتی باشترین فیلم، لە بەشی وێنە و فیلم هەڵگرتنەوە، هەر ساڵ دەدرێتە وێنەگرەکان، و هەروەها سێ فیلمی درێژ و سێ کورتە فیلمی دیکومێنتاری.

سیروس سەنایی لە درێژەدا ئەوەشی خستەڕوو کە؛ لەو فێستیڤاڵەدا حشمەت نارنجی وەکوو تەنیا نوێنەری ئێران لە فیلمی دیکومێنتاری ٧٤، خەڵاتی کورتە فیلم، لە فێستیڤاڵی فیلمە ئێرانییەکانی لە \"زوریخ\" لە وڵاتی سوویس بەدەست هێنا.

بە وتەی ناوبراو، پێشتر لە ساڵی ٢٠١١دا، مەحموود کەلاری بە بۆنەی وێنەگرتنی فیلمی جیایی نادر لە سیمین، لە دەرهێنەریی ئەسغەر فەرهادی توانی خەڵاتی\"قربۆقی زیو\" و تورج ئەسلانی لە ساڵی ٢٠١٢دا، بۆ وێنەگرتنی فیلمی سینمایی \"وەرزی کەرگەدەن\" لە دەرهێنەریی بەهمنی قوبادی خەڵاتی \" قربۆقی بڕۆنزی\"لەو فێستیڤاڵەیان بەدەست هێناوە.

فێستیڤاڵی \"پالاس کەمێرا ئیمەیج\" لە ڕۆژانی ١٢هەتا ١٩ی نوامبری ٢٠١٦، بە بەشداریی ستار چەمنی گوڵ و حشمەت نارنجی لە شاری \"بێدگووسزسز\"ی وڵاتی لەهستان بەڕێوە دەچێت.