هونەرمەندێکی کورد کۆچی دوایی کرد

13:54 - 30 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە هونەرمەندانی کوردی بواری موسیقا و گۆرانیی فولکلۆری کوردی، بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارەی ڕۆژی ٢٨ی سەرماوەز، عبدوڵڵا قوربانی ناسراو بە \"عەبە ماچکەیی\" لە تەمەنی ٧٤ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

ئەو هونەرمەندە کوردە لە شاری قەسری شیرین سەربە پارێزگای کرماشان لەدایک بووە و لە تەمەنی ١٢ساڵیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گوندی\"ماچکە\" ی شاری دیواندەرە کۆچیان کردووە و دواتر لە گەڕەکی
\"تەقتەقانی\" شاری سنە نیشتەجێ بوون.

\"29189.jpg\"
گۆرانیی بەناوبانگی \"ئای لە گەلاوێژ\" کە بە یەکێک لە گۆرانییە فولکلۆرییەکانی کوردی دەژمیردرێتی سەرلە نوێ خوێندووەتەوە و هەروەها بەشێک لە گۆرانییە فولکلۆرەکانی ناوچەی لەیلاخی سنەی لە فەوتان ڕزگار کردووە.

ماچکەیی لە ساڵانی ڕابردوودا لە ڕادیۆ کرماشان لەگەڵ هونەرمەندانی گەورەی کورد وەک، مەزهەری خالقی، حەسەن زیرەک و ئیسماعیل مسقەتی هاوکاری کردووە.

ماوەیەک پێش، ژمارەیەک لە هونەرمەندان و ئۆگرانی موسیقای کوردی، سەردانی ناوبراویان کرد و لە نزیکەوە چاویان بەو هونەرمەندە کوردە کەوت.

عەبدوڵڵا ماچکەیی لە ٧ساڵی ڕابردوودا، بە هۆی پیریی و نەخۆشی لە دونیای هونەر و موسیقای کوردی دوور کەوتبووەوە.

تەرمی عەبدوڵڵا قوربانی سەرلەبەیانیی دوێنێ یەکشەممە ٢٩ی سەرماوەز، لە بەرانبەر مزگەوتی مەڵاوەیسیی شاری سنەوە بەڕێ کرا و لە بەشی هونەرمەندانی بەهەشتی محەممەدی ئەو شارە ئەسپەردەی خاک کرا.

\"29204.jpg\"