هونەرمەندێکی سەقزی بە ٧ مانگ زیندانی تەعزیزی مەحکووم کرا

11:25 - 25 گەلاوێژ 2721

لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سەقز بە سەرۆکایەتی "جەواد مستەفایی" حوکمی ٧ مانگ زیندانی تەعزیریی بۆ هونەرمەندێکی خەڵکی ئەو شارە بە ناوی "خالید کەریم‌نیا" ناسراو بە "خالید نارین" بڕییەوە.

دادگا ئەو هونەرمەندە کوردەی بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کردووە و ئەو حوکمەش ڕۆژی سێشەممە ١٩ی گەلاوێژ، بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ئەو هاووڵاتییە بەو حوکمەی دادگا ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو و دۆسیەکەی بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە کراوە.

خالید کەریم‌نیا مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ بانگهێشتی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری سەقز کرابوو و پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

لە ماوەی ساڵانی ٩٧ و ٩٨دا، ئەو هاووڵاتییە کوردە چەندین جار بانگهێشتی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و لێپرسینەوەی لێ کرابوو.