هوشیار شەعبانی بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەوە بۆ نەخۆشخانەی بانە ڕاگوێزرا

13:07 - 20 خەزەڵوەر 2721

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دانیشتوویەکی خەڵکی بانە بە ناوی "هوشیار شەعبانی" بەهۆی خوێنبەربوونی گەدە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی ڕاگوێزراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەکردنەوە، فەرهاد شەعبانی تووشی خوێنبەربوونی گەدە بووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو هاووڵاتییە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی شاری بانە لەژێر چاوەدێریی ئەمنییەتیدا بووە و دووبارە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە ڕاگوێزراوەتەوە".

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ڕایگەیاند: "پاش ڕاگواستنی ئەو هاووڵاتییە بۆ نەخۆشخانە، هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنی چاوپێکەوتنیان بە بنەماڵەی شەعبانی نەدابوو. ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا تەنیا جارێک لەگەڵ بنەماڵەکەی پەیوەندیی تەلەفۆنیی هەبووە. ناوبراو لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەریش بێبەری کراوە".

ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خەرمانان، ئەو هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و هەتا ئێستا لە هۆکاری گیران و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ئەو، زانیارییەکی ورد بە دەست نەهاتووە.