هوشیار شەعبانی بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

12:00 - 26 خاکەلێوه 2722

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "هوشیار شەعبانی" تەمەن ٢٧ ساڵ کوڕی محەممەد خەڵکی شاری بانە، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقز جێگیر لە شاری بانە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەکبەر میرزایی" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگا ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کردووە و ناوبراوی لە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بێتاوان ناساندبوو.

ئەو حوکمە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.

دادگا جێبەجێکردنی ٨ مانگ لەو یەکساڵ زیندانییەی بۆ ماوەی ٥ ساڵ هەڵپەساردووە ولەو ماوەیەدا هۆشیار لەژێر چاوەدێریدا دەبێت و ناوبراو دەبێت لەو ماوەیەدا خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعات بانە بناسێنێت.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٠، ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

لەو ماوەیەدا، ئەو هاووڵاتییە بەهۆی خوێنبەربوونی گەدە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی ڕاگوێزرابوو.

بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەکردنی هێزە ئەمنییەتییەکان، هوشیار شەعبانی تووشی خوێنبەربوونی گەدە هاتبوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، تەنیا جارێک پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و لە "دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٠، ئەو هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.