هوشداریی لێبووردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئەگەری لەسێدارەدانی شاراوەی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" و سێ زیندانیی عەرەب

11:48 - 24 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بانەمەڕ، ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوایان لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران کردووە، هەرچی زووتر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی "حوسێن سەیلاوی، عەلی خسرەجی و ناسر خەفاجیان (خەفاجی)"، سێ زیندانیی عەرەب لە ڕیزی ئێعدام لە نەتەوەی عەرەبی ئەهوازی و "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، زیندانیی لە ڕیزی ئێعدام لە نەتەوەی کورد، ڕوون بکاتەوە.

ڕێکخراوی  لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە: "خۆبووارنی بەرپرسان لە دانی زانیاری بە بنەماڵەی ئەو چوار زیندانییە، نیگەرانییەکان لەمەڕ ئەشکەنجە یان لەسێدارەدانی شاراوەی ئەو زیندانییانەی زیاد کردووە".

"حوسێن سەیلاوی، عەلی خسرەجی و ناسر خەفاجیان" لە ڕێکەوتی ١٢ی خاکەلێوەی ئەمساڵ و "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" لە ڕێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕی ئەمساڵ، چارەنووسیان ناڕوونە و لە شوێنی خۆیان لە زیندانەکان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

هەر چوار کەسیان لە ئەنجامی دادگاییەکی نادادپەروەرانە و سەرەڕای بوونی ئیدعا جیددییەکان لەسەر ئەشکەنجەکرانیان بە ئێعدام مەحکووم کران و هیچ کات لەمەڕ ئەو چوار کەسە لێکۆڵینەوەیەکی جیددی نەکراوە.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە نێونەتەوەییە لەو بەیاننامەیەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو: "خۆبوواردن لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بە بنەماڵەکانیان سەبارەت بە چارەنووسیان و شوێنی ڕاگیرانی ئەو چوار کەسە، کردارێکی بێڕەحمانە و نامرۆڤانە و ڕاستیی دەرخستنی نادیاربوونی زۆرەملێ بە ئەژمار دێت کە بەپێی یاسای نێونەتەوەیی بە تاوان دەژمێردرێت".

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لەو بەیاننامەیەدا، دووپاتی کردووەتەوە: "بەرپرسانی ئێرانی دەبێ بە زووترین کات  ئازار و ڕەنجی زۆر لەسەر ئەو بنەماڵانە ڕابگرن؛ ئەوان دەسیبەجێ شوێنی ڕاگیرانی حوسێن سەیلاوی، عەلی خسرەجی، ناسر خەفاجیان و هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ڕابگەیەنێت و هەر جۆرە بەرنامەیەک سەبارەت بە لەسێدارەدانی ئەوان ڕابگرێت و دووبارە پێداچوونەوە بە دۆسیەکانیان بکات".