هاوکات لەگەڵ ٨ی مارس، نزیک بە ١٠٠ چالاکی سیاسیی ژن لە زیندانەکانی ئێراندا دەستبەسەرن

14:20 - 17 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەبۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیهانیی ژنان، راپۆرتێکی ئاماری لەسەر زیندانیانی سیاسی ژن کە لە زیندانەکانی ئیران راگیراون ئامادە و بڵاو دەکاتەوە.

هەموو ئەم ئامارانە بە پشت بەستن بە ئامارەکانی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و ناوەندی ئاماری ئەو ئاژانسە و سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان ئامادە کراوە.

بە پشت‌بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٩٦ زیندانی سیاسی ژن لەزیندانەکانی ئێران راگیراون کە ٥٠ کەسیان لەسەر یەک بە ٣٠٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراون.

لەو نێوەدا دوو زیندانی ژنی کورد سزای زیندانی هەتا هەتاییان بۆ بڕاوەتەوە و هەروەها زیندانییەکی دیکە سەرەڕای سزای زیندان، سزای سێدارەشی بۆ براوەتەوە. چارەنووسی ٤٤ زیندانی دیکە ناڕوونە و هیچ سزایەک بۆیان نەبڕدراوەتەوە.

لەو راپۆرتەدا، لیست و شوناسی ژنانی زیندانی بە شێوەی خشتەی جیاجیا و تایبەت بە زیندانیانی سیاسی ژنی کورد، بەهایی، فارس، مەسیحی، عەرەب و ئازەری، خاوەن ئیقامەی دوو وڵات و ژنانی بیانی ئامادە کراوە.

هەروەها ژنانی بەهایی، مەسیحی و پێرەوی عیرفانی حەلقەی دانیشتووی شارەکانی کوردستان لەسەر لیستی زیندانیانی کوردستان بە ئەژمار هاتوون.

دۆخی ژنە زیندانیانی سیاسی کورد
ژنانی کورد لەسەر یەک ٦٨ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیرییان بۆ بڕاوەتەوە و هەروەها دوو زیندانی ژنی کورد بەناوەکانی ئەمەل شێخۆ و زەینەب جەلالیان سزای زیندانی هەتاهەتاییان بۆ بڕاوەتەوە.

دوو پێڕەوی ئایینی مەسیحی دانیشتووی مەهاباد بە ٤ ساڵ زیندان و ٤ هاوڵاتی بەهایی دانیشتووی ورمێ بە ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراون.

\"25238.jpg\"


\"25237.jpg\"


\"25236.jpg\"


دۆخی ژنە زیندانیانی بەهایی
ژنانی بەهایی لەسەر یەک، سزای ٨٨ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیرییان بۆ بڕاوەتەوە و چارەنووسی ٨ کەسیان نادیارە و ئەو ٨ کەسە هیچ سزایەکیشیان بۆ نەبڕاوەتەوە. زیاترین زیندانیانی بەهایی لە زیندانەکانی تاران، مەشهەد، یەزد و سیمنان راگیراون.

\"25235.jpg\"


\"25234.jpg\"


\"25233.jpg\"


دۆخی ژنە زیندانیانی فارس
ژنە زیندانیانی فارس زمان لەسەر یەک بە ٩٢ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراون و یەکێکیان وێڕای سزای زیندان سزای سێدارەشی بەسەردا سەپاوە.
هەروەها ١٦ زیندانی ژنی فارس چارەنووسیان نادیارە و هیچ سزایەکیان بۆ نەبڕاوەتەوە.

\"25244.jpg\"


\"25243.jpg\"


\"25242.jpg\"


دۆخی ژنانی زیندانی عەرەب و ئازەری
سێ ژنی عەرەب و ئازەری لەنێو زیندانیانی سیاسی ئێران جێیان گرتووە کە لەسەر یەک سزای ١٦ ساڵ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.

\"25232.jpg\"


دۆخی ژنە زیندانیانی مەسیحی
١١ ژنی مەسیحی لەزیندانەکانی ئێران راگیراون کە یەکێکیان سزای ٤ ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە و چارەنووسی ١٠ کەسی دیکەیان هێشتا ناڕوونە و هیچ سزایەکیان بۆ دەرنەچووە.

هەموو زیندانیانی ژنی مەسیحی خەڵکی شارەکانی تاران، ئیسفەهان و شیرازی ئێرانن.

\"25241.jpg\"


دۆخی ژنانی زیندانی خاوەن ئیقامەی دوو وڵات
٤ ژن، کە ئیقامەی دووڵاتیان هەیە، لە زیندانەکانی ئێڤین و قەرچەکی وەرامین راگیراون کە سەرجەم بە ٢١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراون.

\"25240.jpg\"


دۆخی ژنە زیندانیانی بیانی
دوو ژنی بیانی کە لە زیندانەکانی یاسووج و قەرچەکی وەرامین راگیراون، لەسەر یەک بە ١٢ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراون. قەدریە قادری هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری وانی کوردستانی تورکیایە کە سزای ٧ ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە.

\"25239.jpg\"


بەپشت‌بەستن بەم راپۆرتە، زیندانی ئێڤین بە ٢٤ زیندانی سیاسی ژن، زیندانەکانی ورمێ و مەشهەد بە ٧ زیندانی سیاسی ژن و قەرچەکی وەرامین بە ٥ زیندانی زیاترین زیندانیانی سیاسی ژنیان لە خۆ گرتووە.

ئەم ئامارە تایبەتە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بەکارهێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئاماژە بە سەرچاوە، رێگەپیدراوە.

ئامادە کردن: شاهۆ