هاوکات لەگەڵ مانۆڕی سوپای پاسداران لە شاهۆ، هاووڵاتییەک گیانی لەدەست دا+وێنە

13:55 - 10 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: تەقینەوەیەک لە داوێنی چیای شاهۆ لە نزیک شاری پاوە، گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٣ ساڵەی کوردی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی رۆژی رابردوو رێکەوتی ٩ی جۆزەردان هاووڵاتییەکی کورد بەناوی پەیمان پوورحەیدەری کوڕی وەهاب، بەهۆی تەقینەوەیەک گیانی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە خەڵکی گوندی \"دەڵەمەرز\"ی سەربە شاری سەوڵاوا بووە، کە سەرلە ئێوارەی رۆژی رابردوو هاورێ لەگەڵ ٥ کەس لە هاوڕێکانی خۆی لە شاری پاوە، کە بۆ سەیران و شاخەوانی روویان لە بەرزاییەکانی شاهۆ کردبوو، لە کاتی شەودا تووشی ئەو رووداوە بووە.

\"20229.jpg\"
پەیمان پوورحەیدەری خێزاندار و باوکی دوو منداڵیش بووە
لەو پەیوەندییەدا هەواڵنێری کوردپا لە شاری پاوە، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی مەرگی پەیمان پوورحەیدەری، رایگەیاند: سەرلە بەیانیی رۆژی رابردوو هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران لە شاری پاوە، مانۆڕێکیان لە داوێنەکانی شاهۆ بەڕێوە برد.

دەگوترێت ئەو چەند هاووڵاتییە کوردە کاتژمێر ٧ی ئێوارە و لە کاتێکدا بە مەبەستی چایی لێنان سەرقاڵی ئاگرکردنەوە بوون، تەقینەوەکە لە ناو کوچکاورەکەدا رووی داوە.

هەروەها باس لەوە دەکرێت؛ شوێنی ئەو تەقینەوەیە، کە مەرگی ئەو هاووڵاتییەی لێکەوتۆتەوە، لە شوێنی مانۆڕی هێزە چەکدارەکان زۆر نزیک بووەو دەنگۆی ئەوە هەیە ئەو ماددە تەقەمەنی‌یە لەلایەن چەکدارانی سوپای پاسدارانەوە لە بن کوچکاورەکەدا داندرابێت.

کوێستانەکانی شاهۆ لە قوڵایی ٥٠ کیلۆمیتریی سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان هەڵکەوتووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، جۆر و چۆنیەتیی تەقینەوەکە لە \"سێ ملە\"ی شاهۆ بە شێوەیەکی روون و دروست بۆ هەواڵنێری ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا روون نەبۆتەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردەی کە لەو رووداوەدا بریندار و دواتر بەهۆی قووڵیی برینەکانی‌یەوە و دووری لە ناوەندی دەرمانی گیانی لەدەست داوە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵیش بووە.
\"20231.jpg\"

\"20232.jpg\"

\"20230.jpg\"