هاوڕێیەتیی خەڵکی کۆبانی، نیشانەی دژایەتی کردنی تیرۆر و تیرۆریزمە

20:14 - 20 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: پشتیوانیی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کوردی ناوچە کوردییەکانی ئیران لە خەڵکی کۆبانی، سوپاس و پێزانینی کەمپەینی بەڕێوەبەریی خۆپیشاندانەکانی لێکەوتەوە.

کەمپەینی \"کۆبانی بە تەنیا جێ مەهێلن\"، لە راگەیاندراوێکدا، هاوخەمیی هاووڵاتییانی کوردی بۆ خەڵکی کۆبانی لە کوردستانی (رۆژئاوا)ی وەکوو سەمبولی مرۆڤدۆستی و رەت کردنەوە و دژایەتی کردنی تیرۆر و تیرۆریزم لە قەڵەم داوە.

کەمپەینی بەڕێوەبەریی خۆپیشاندانەکان، کە لەلایەن چالاکانی سیاسی، فەرهەنگی و رۆژنامەنووسانی کوردە دامەزراوە، لە ماوەی دەستبەکاربوونییەوە هەتا ئێستا ٨ راگەیاندراوی بڵاوکردۆتەوە.

راپۆرتی هەواڵنێرانی کوردپا باس لە خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی کورد لە زیاتر لە ١٥ شاری کوردستان دەکات، کە ئەمڕۆش شاری ئیلام تێکەڵ بە رەوتی خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی خەڵکی کۆبانی دەبێت.

دەقی بەیانییەی ژمارە ٨ی کەمپەین کە بە ئاژانسی کورەدپا گەیشتووە، لێرەدا بڵاو دەکرێتەوە:

رێز لە هاوڕێیەتی و بەشداریتان دەگرین

خەڵکی تێگەیشتووی کوردستان، رێز لە بەشداریی ئێوەی تێگەیشتووی کوردستان و هاووڵاتییانی دیکەی کورد لە شارەکانی‌تر دەگرین. بێگومان هاورێیەتی و هاودڵیی ئێوە لەگەڵ خەڵکی کۆبانی ئاماژە بە مرۆڤدۆستی و رەت کردنەوەی تیرۆر و تیرۆریزمە.

کەمپەینی \"کۆبانی بە تەنیا جێ مەهێڵن\"، بەشداریی بێ وێنەی ئێوە لە ئاستی ویژدانە مەزنەکانی جیهاندا دەنرخێنێت و هیواخوازە کە خەڵکی جیهان و دەوڵەتەکانی ناوچە بێ هەڵوێستی وەلا بنێن و لەمە زیاتر چاوپۆشی لە کارەساتی مرۆیی لە کۆبانی نەکەن.

کەمپەینی کۆبانی بە تەنیا بەجی مەهێڵن

یەکشەممە رێکەوتی ٢٠ی رەزبەری ١٣٩٣
١٢ی ئۆکتۆبری ٢٠١٤ی زایینی