هاوپەیمانیی کوردکان ئۆپەراسیۆنی ڕزگار کردنی شاری ڕەققەیان دەستپێکرد

20:36 - 16 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: ئۆپەراسیۆنی وەرگرتنەوەی ناوەندی خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی لە باکووری سووریە، بەبێ بەشداریی ئەرتەشی تورکیە دەستی پێکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێرێک بەر لە ئێستا هێزە دێموکراتەکانی سووریە لە پرێس‌کۆنفڕانسێکدا لە شاری \"عەین عیسا\" بە فەرمی باسیان لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگار کردنی شاری ڕەققە کرد.

ئەو هاوپەیمانیەتیە ٤٠ هەزار کەسییە، لە زۆربەی کوردەکان، هەروەها بەشێک لە عەرەب و مەسیحییەکان و هەروەها هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک پێکدێت.

\"\"
راگەیاندنی فەرمی ئۆپەراسیۆنی ڕزگار کردنی شاری ڕەققە
هێزی هاوپەیمانان دەڵێن؛ بە تەنیایی ئۆپەراسیۆنی \"تووڕەیی فۆرات\" بۆ ئازاد کردنی شاری ڕەققەیان دەست پێکردووە.

وتەبێژی هێزە دێموکراتەکانی سووریە لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی فەڕانسە ڕایگەیاندووە؛ بە هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی بە سەرکردایەتی ئامریکا گەیشتوونەتە ڕێکەوتن کە لە ئۆپەراسیۆنی وەرگرتنەوەی شاری ڕەققەدا هێچ ڕۆڵێک بە تورکیە یان ئەو هێزانەی لەلایەن وڵاتی تورکیەوە پشتیوانی دەکرێن، نەدرێت.

هەتا ئێستا دەوڵەتی تورکیە بەو هەوڵەی ‌هێزە کوردییەکان دژکردەوەی نیشان نەداوە.

وەزیری بەرگریی دەوڵەتی فەرانسە داوای ئۆپەراسیۆنی هاوکاتی هاوپەیمانان بە دژی داعش بۆ سەر شاری ڕەققە و مووسڵی لە عێراق کردبوو.

شاری ڕەققە ناوەندی پارێزگای ڕەققەیە کە بە پانتایی زیاتر لە ١٩٠٠ کیلۆمێتری چوارگوشە و حەشیمەتی زیاتر لە ٢٢٠ هەزار کەس، لە زستانی ساڵی ٢٠١٣ەوە لەلایەن ‌چەکدارانی داعشەوە داگیر کراوە.