"هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرانبەری لە ئێران" لەسێدارەدانی "مستەفا سەلیمیـ"ـی مەحکووم کرد

12:32 - 26 خاکەلێوه 2720

"هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرانبەری لە ئێران" لە بەیاننامەیەکدا لەسێدارەدانی "مستەفا سەلیمیـ"ـی مەحکووم کرد و خوازیاری لابردنی سزای ئێعدام لە دەزگای دادوەریی ئێران بوو.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

لەسێدارەدانی جینایەتکارانەی زیندانیی سیاسیی، "مستەفا سەلیمی"، مەحکوومە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٣ی خاکەلێوە، "مستەفا سەلیمی" کە زیاتر لە ١٧ ساڵ لە زیندانی کۆماری ئیسلامیدا بووە، لە زیندانی ناوەندیی سەقز ئێعدام کرا.

"مستەفا سەلیمی" لەدایکبووی ٤ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوییە، ڕێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەی ساڵی ٨٢ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، دزیی چەکدارانە و موحاربە" لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقز، بە سەرۆکایەتیی "گودینی"، بە  ١٥ ساڵ زیندان و ئێعدام مەحکووم کرابوو.

حوکمی ئەو زیندانییە لە لقی ٣١ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە و ئەو زیندانییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا چەندین جار سەبارەت بە نادادپەروەرانەبوونی حوکمەکەی ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو و دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن.

بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا لە ئێران و کەمتەرخەمیی حکوومەت سەبارەت بە مەترسیی ئەو نەخۆشییە لە زیندانەکانی ئێران، لە بەشێک لە زیندانەکان بەتایبەتی زیندانی شاری سەقز زیندانییانی توانییان هەڵبێن و بەشێک لەوان بە سەرکەتوویی لە زیندان هەڵهاتن، مستەفا سەلیمی لە نێوان زیندانییانی هەڵهاتبوو، ناوبراو  لە کاتی تێپەڕین لە سنووری ئێران و هەرێمی کوردستان دەسبەسەر کرا.

سەبارەت بە چۆنییەتیی دەسبەسەرکرانی مستەفا سەلیمی دوو هەواڵی دژبەیەک بوونی هەیە. لەلایەک کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە مستەفا سەلیمیی لەنێو خاکی ئێران دەسبەسەر کردووە.

 لەلایەکی دیکەوە دەوترێت، ناوبراو پاش هەڵهاتن لە خاکی ئێران، لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان دەسبەسەر و ڕادەستی ئێران کراوەتەوە، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی ڕایگەیاندووە کە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو هەواڵە و چۆنییەتیی ڕادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی بۆ ئێران هەیئەتێکی لێکۆڵینەوەیی پێکدێنێت، ئێمە وێرای پشتیوانی لەو هەیئەتە لێکۆڵینەوەییە، خوازیاری ئەوەین هەرچی زووتر ئاکامی ئەو لێکۆڵینەوەیە بڵاو بکرێتەوە و بە هەموو خەڵک ڕابگەیەندرێت کە کۆمەڵگای ئێران زۆر نیگەرانی ئەو مەسەلەیەن، چوونکە چاوەڕوانیی خەڵکی ئێران و جیهان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاراستنی گیانی وەها مرۆڤگەلێکن، نە ڕادەستکردنەوەی ئەوان بۆ قەسابی مرۆڤەکان و نیزامی خوێنخۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران.

حکوومەتی ئێران دەسبەجێ پاش دەسبەسەرکردنی مستەفا سەلیمی، بۆ چاوترساندنی زیندانییان و بەتایبەتی زیندانییانی سیاسی، ٢٤ کاتژمێر پاش دەسبەسەرکردنی دووبارەی، ناوبراوی لەسێدارە دا.

"هاوپەیوەندی بۆ ئازادی و بەرانبەری لە ئێران" لەسێدارەدانی مستەفا سەلیمی مەحکووم دەکات و وێڕای خەمباربوونی خۆی لەو ڕووداوە نەخوازراوە، هاودەردی و هاوسۆزیی لەگەڵ بنەماڵەکەی و کەسوکار و دۆستانی دەردەبڕێت.