هاووڵاتیەکی دیکە لە شاری پاوە دەستبەسەر کرا

21:00 - 23 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، رۆژی رابردوو هاووڵاتیەکی کورد بەناوی \" ئاراس حاتەمی\" لە شاری پاوە دەستبەسەر کرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی راگیرانی ئەو هاوولاتییەی خەڵکی شاری پاوە، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لەلایەکی دیکەوە و لەماوەی ٢ حەفتەی رابردوودا ٢١ هاووڵاتیی خەڵکی شاری پاوە کە زۆربەیان چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنیی ئەو شارە بوون، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای مانگی رەشەمەوە هەتا ئێستا ٦٠ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەو ئامارە بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانس کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بە سەرنجدان بە شەپۆلی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد و دۆخی ئەمنیەتیی شارەکان، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.

لەلایەکی دیکەوە بەختیار رەسووڵی، فەردین رەسووڵی، موختار ئەحمەدی، ستار ئەحمەدی، داوود غەفاری و کەیهان عەزیزی کە سەرجەم خەڵکی شاری پاوە بوون و لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون، لە رێکەوتی ٢٠ و ٢١ی رەشەمەدا بە دانانی بارمتە ئازاد کران.